ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد – نووسەر
هەمووجارێک، مرۆڤ جوانی لەو شتەدا نابینێت کە بەدەستیدەهێنێت، بەڵکو ڕەنگە جوانی لەوەدابێت مرۆڤ رۆحی خۆیشی ببەخشێت بەو ویست و وجوودەی دەیەوێت بە دەستیبهێنێت، ئەمە بەتەواوی لە خوودی سری سورەیا ئۆندەردا بەدی دەکرێت.
ئەوەندەی مەرگی ئۆندەر نەمریی بەرهەمهێنا و جوانیی کەشفکرد، گەیشتن بە پڕۆسەی ئاشتی، ئەوەندە نەمریی و گەورەیی و جوانیی بەرهەمنەدەهێنا.
بەمانایەکی تر، ئەوەندەی گیانفیدایی ئۆندەر لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا بە نەمریی و وەک مرۆڤێکی پاک و شەهیدی ڕێی ئازادیی و ئاشتیی دەیهێڵێتەوە، ئەگەر ببوایەتە هۆی گەیشتن بە ئامانجی پڕۆسەی ئاشتیش، هەر هێندەبوو.
سری سورەیا ئۆندەر، بە چەندین ساڵی عەزفکردن و گۆرانی و هونەر، هێندەی ماڵئاواییەکەی جوانی بۆ کەشفنەکردین و جوانی پیشاننەداین.
ئەو پێیوتین: دەکرێت جوانی لەناو مەرگیشدا بدۆزینەوە، جوانی لەناو سیاسەتی (ئارێنت)یدا ! ڕاڤە بکەین، وەک چۆن پێیوتین جوانی لە مانەوەیەکی هەمیشەییدا نییە بۆئەوەی هەمیشە لەبەرچاوان بیت، هەندێکجار دەبێت بمریت تا بە جوانی بمێنیتەوە!
سری سورەیا ئۆندەر تێیگەیاندین جوانی لەناو قۆزاخەی ونبوونیشدا خۆی حەشارداوە، دەبێت ون بیت و بمریت بۆئەوەی جوانی زیندووبێتەوە و بژیی، ئۆندەر بە ناڕاستەوخۆ پێیوتین بۆ ئەوەی جوانی بگێڕینەوە سەر زەوی، دەبێت خۆمان لەپێناویدا بڕۆین و خۆمان ون بکەین و سەری خۆمانی لەسەر دابنێین و لەپێناویدا گیانفیدایی بکەین.
مەرگی سری سورەیا پێماندەڵێت: دەکرێت مرۆڤ بمرێت لەپێناو بەرهەمهێنان و دۆزینەوەی جوانیدا، ئۆندەر جوانی لە مەرگدا دەبینێت وەک لەوەی جوانی لە مانەوە و بەردەوامیدا ببینێت.
ئەم جوانبینییەی مەرگی ئۆندەر پێماندەڵێت: ئەوەی ناوی تورگوت ئۆزاڵ_ی هێشتۆتەوە، ئەوە تورکچێتی و بان ناسیۆنالیستییەکەی ئۆزاڵ نییە، بەڵکو کارکردنی بەردەوامی ئۆزاڵ بوو لەسەر گەڕاندنەوەی جوانی و رەنگڕێژکردنی ژیانێکی نوێ لەنێوان کورد و تورکدا لە سەر خاکی تورکیا.
بەمانایەکی تر، مەرگی ئۆندەر پێماندەڵێت: ئەوەی ناوی ئۆزاڵ بەنەمریی دەهێڵێتەوە و دایدەبڕێت لە مەرگی هەر سەرۆک و تورکچییەک، مەرگێتی. ئەگەر لە رێگەی مەرگەوە جوانی ناوەوەی ئۆزال کەشفنەکرایە، دەمێک بوو ئۆزالیش وەک هەر سەرۆک و دەسەڵاتدارێکی دیکەی تورکیا مردبوو!، ونبووبوو، ماڵئاوایی کردبوو لێمان!