هاتووچۆی سلێمانی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە دەربارەی جام ڕەشکردن بڵاوکراونەتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات بە 500 هەزار دینار و دەستبەسەراگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ سزا دەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی سەبارەت بە ڕەشکردنی جامی دواوەی ئۆتۆمبێل بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەپێچەوانەی ڕێنماییەکانی جام ڕەشکردنی ئۆتۆمبێل لە سۆشیال میدیاو ئەو دوکانانەی کە کاری جوانکاری ئۆتۆمبێل ئەنجام دەدەن وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە جامی بەردەم شۆفێر و جامی سەر سندووق (جامی دواوە) ئاساییە جام ڕەش بکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە “ئەم دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوەو قەدەغەیە لەبەرئەوەی ئاستی بینین کەم دەکاتەوە و وە پێویستە بەپێی ڕێنماییەکان کاریان بۆ بکرێت”.
هاتووچۆ ڕایگەیاند، شۆفێران و دوکانەکانی جوانکاری ئۆتۆمبێل ئاگادار دەکەینەوە لە کڕین و فرۆشتنی (لۆگۆی ڕێژە / ستیکەر) و گۆڕینی لەزگەی جامی ئۆتۆمبێل دوای ڕەزامەندی وەرگرتن لە بەڕێوەبەرایەتیمان بەڕێژەی بەرزتر قەدەغەیە و سەرپێچیکار ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە سەرجەم مەفرەزە گەڕۆکەکانی هاتووچۆ ئاگادارکراونەتەوە ئامێری پێوەری ڕێژەی جام ڕەشکردن بەکاربهێنن تا ئەو دیاردەیە بنەبڕ بکرێت و هەر شۆفێری ئۆتۆمبێلێک پێچەوانەی ڕێنماییەکان ئۆتۆمبێلەکەی جام ڕەش بکات سزا دەدرێت بە بڕی 500 هەزار دینار و دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ.