سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بەرەو ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێکەوت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە کە محەمەد شیاع سوودانی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی باڵای هاریکاری ستراتیژی عێراقی-تورکی بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوت.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، شاندێکی وەزارەتی دەرەوە بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ واژۆکردنی چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتن سەردانی پایتەختی تورکیایان کردووە.
ئەوەشیخستەڕوو، سەردانی شاندەکە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی بووە و یاداشتە لێکتێگەیشتنەکان کەرتەکانی ئاسایش، گواستنەوە، پلاندانان، فێرکردن، پەیوەندییەکان و پیشەسازی دەگرنەوە.
پێشتریش ماجید لەجماوی، باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاندبوو، ڕێگەی گەشەپێدان و کەرتی وزە و بازرگانی لە نێو ئەو دۆسیەیانەدا دەبن کە لە سەردانەکەی سەرۆک وەزیراندا تاوتوێ دەکرێن.
