spot_imgspot_img

گەرما دەستپێدەكات و خۆڵبارین دێتەوە

شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، پلەی گەرما لە ڕۆژانی داھاتوودا بەرزدەبێتەوە و دواتر دەستپێکرنەوەی ناجێگیری کەشوھەوا و خۆڵبارین ڕوودەدات.

سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پەستانی بەرگەھەوا لە ڕۆژانی داھاتوودا کەش و ھەوای ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە سەقامگیری ئەمێنێتەوە و لە ئەنجامی دووبارە ھاتنی بارستە ھەوایەکی گەرم، کە سەرچاوەکەی باکوری ئەفریقایە کاریگەری بۆ سەر ناوچەکانمان لە سبەی پێنج شەممەوە 8/5/2025 پلەکانی گەرما پلە بە پلە ڕوو لەبەرزبوونەوەی زیاتر دەکات.

ڕاشیگەیاند، سەرەتای ھەفتەی داھاتووش ڕۆژی شەممە 10/5/2025 تا رۆژی دوو شەممە 12/5/2025 کاریگەری شەپۆلی گەرماکە زیاتر ئەبێت و پێشبینی ئەکرێت بەرزترین پلەی گەرمی لەو چەند ڕۆژەدا لەسەنتەری پارێزگای سلێمانی بۆ 32 تا 33 پلەی سەدی بەرزببێتەوە ، لە سەنتەری پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و ھەڵەبجەش 35 تا 36 پلە، لەسەنتەری پارێزگای کەرکوک 36 تا 38 پلە و ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان 37 پلە و باشوری گەرمیان 39 تا 40 پلە .

ئاماژەی بەوەشكرد، لەڕۆژی سێ شەممەوە 13/5/2025 کاریگەری ئەو گەرمایە کەم دەبێتەوە و بارستە ھەوایەکی فێنک، کە سەرچاوەکەی باکوری ئەوروپایە ڕوودەکاتەوە ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست و ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و بەھۆیەوە دووبارە کەش و بەرگەھەوای ناوچەکە ناجێگیر ئەبێتەوە و ئاراستە (با)ی ڕۆژئاوا و باشوری ڕۆژئاوا چالاک ئەبنەوە، کە ئەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵی بیابانەکانی ڕۆژئاوای عێراق و سووریا کاریگەریەکانی ئەگاتەوە سەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان.

وتیشی، “ھەر لەو ماوەیەشدا ئەگەری بارانبارینێکی کەم و ھەورە بروسکە لەشوێن و ناوچەی جیاجیادا ئەبێت بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ھەرێم و کاریگەری ئەم حاڵەتەش تا 17ی ئەم مانگە بەردەوامی ئەبێت”.

 

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە