لە پارێزگای زیقار نزیكەی 10 هەزار خێزان بەهۆی وشكەساڵیەوە گوند و زەوییەكانیان بەجهێشتووە.
حەیدەر سەعدی، بەرپرسی دۆسیەی كۆچ و وشكەساڵی لە زیقار ڕایگەیاندووە، وشكەساڵی و بەبیابانبوون بارێكی قورسن لەسەر حكومەتی خۆجێی و حكومەتی ناوەندیی، چونكە پێشهاتی زۆر ترسناك سەبارەت بەم دۆسیەیە هەیە.
ڕاشیگەیاندووە، تا ئێستا نزیكەی 10 هەزار خێزان بەهۆی وشكەساڵیەوە زیقاریان بەجێهێشتووە، ئەمەش زۆرە، بەراورد بە پارێزگاكانی دیكە، مەترسی كۆچ مەترسییەكی هەنووكەییە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمساڵ بەهۆی كەمی باران بارینەوە، كانی و كارێز و سەرچاوە ئاوییەكان نەتەقیون و ئاوی ڕووبار و بەنداوەكان بەتەواوی كەمیان كردووە و ئاوی بەشێكی چەمەكان و ناوچە كشتوكاڵییان بەرەو وشكبوون دەچن.
هاوكات لە هەرێمی كوردستان لە چەند ناوچەیەك وشكەساڵی ڕاگەیەنراوە، بەتایبەت لە چەند ناوچەیەكی سنووری گەرمیان و هەولێر.