بەرپرسی ڕاگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەكات، “تەكسیەكانیان تاڵانفرۆش نەكەن” و دەشڵێت: بۆ ئۆتۆمبێلی بەنزین ٨٩ جۆر بۆ هایبرێد و تەواو کارەبایی ٧٤ جۆر دیاریکراوە تا بكرێنە تەكسی.
عەقید بەختیار محەمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت: تەکسییەکانتان تاڵانفرۆش مەکەن و ئەوانەی پێویستیان نیە با ماوەیەکی دیکە بوەستن لەسەر بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ.
ڕاشیگەیاند، بە پێچەوانەی ئەو کەسانەی، کە ئەم بڕیارە بە هەڵە دەزانن، بەڵكو لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانە و بۆ ئەوەیە قۆرخکاری ڕوونەدات و شۆفێر خاوەن بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی جۆری سەیارەکەی بۆ کارپێکردنی وەکو تەکسی.
ڕوونیشی كردەوە، لە ڕابردوودا کاتێک پڕۆژەی تەکسی کوردستان هەبوو تەنها دوو جۆر ئۆتۆمبێل تەرخان کرابوو بۆ کاری تەکسی، بەڵام لە ئێستادا بۆ ئۆتۆمبێلی بەنزین ٨٩ جۆر بۆ هایبرێد و تەواو کارەبایی ٧٤ جۆر دیاریکراوە و شۆفێر سەربەستە کامیان هەڵدەبژێرێت.