باڵیۆزی هندستان ڕایگەیاند، کار بۆ دەستپێکردنی گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆکەوانی لەنێوان هەولێر و شارەکانی هندستان دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سۆمین باگچی باڵیۆزی نوێی هندستان لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە مادان گۆپال، کونسولی گشتیی هندستان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە باڵیۆز، پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ دەربڕی. هەروەها جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هندستان کردەوە.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی کونسولی گشتیی هندستانیشی کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
باڵیۆزی هندستان ستایشی پرۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستانی کرد و خواستی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێم دووپات کردەوە، بە تایبەتی لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە سیستەمی بانکی.
باڵیۆزی هندستان هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە کار بۆ ئەوە دەکەن گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆکەوانی لەنێوان هەولێر و شارەکانی هندستان هەبێت.
