سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر بەسەر دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا زیاتر لە 75% پڕۆژەکە تەواو بووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێ شەممە 5/6، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر بەسەر کردەوە، کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، بەردی بناغەکەی دانا.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، سەرپەرشتیار و ئەندازیارانی پڕۆژەکە، کورتەیەکیان دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەکەیان خستەڕوو، کە ئاو لە زێی گەورەوە دەگەیەنێتە ناو شاری هەولێر و تا ئێستا زیاتر لە 75% پڕۆژەکە تەواو بووە.
دەشڵێت: یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی ئاو لە سەر ئاستی عێراق و کێشەی کەمئاوی لە شاری هەولێر بۆ چەندین ساڵ چارەسەر دەکات و کوالیتی ئاوەکەش زۆر پاک و خاوێن و لە ئاستێکی بەرزدایە و بڕیارە ئەمساڵ بەر لەکاتی دیاریکراوی خۆی، پڕۆژەکە تەواو بکرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار و سەرپەرشتیار و ئەندازایاران و تەواوی کارمەندان کرد و سوپاسی کردن، کە بە شێوەیەکی پیشەییانە و لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان، کار لە پڕۆژەکەدا دەکەن بۆ ئەوەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا، بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانی شاری هەولێر.





