فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن… نیشانەی مووشەکەکانی حەماس و حوسیی

لەلایەن بەریتانیاوە دروستکراوە، فڕۆکەخانەی سەرەکی ئیسرائیلەو چەندجارێک ناوەکەی گۆڕدراوە، دواجار کرا بەناوی یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل(دەیڤید بن گوریۆن) .

 

لەساڵی ١٩٣٦ لەلایەن دەسەڵاتی مەدەنی بەریتانیاوە لەسەر خاکی فەلەستین دروستکراوە و لەڕووی سەربازییەوە بەکارهێنراوە، بەڵام دیارترین گەشەسەندنی لەساڵانی نەوەدەکاندا بووە.

 

لە سەرەتادا بە فڕۆکەخانەی فیلهێلما ناسرابوو، دواتر ناوەکەی کرا بە فڕۆکەخانەی لۆد.

پێش ئەوەی پلانی دابەشکردنی فەلەستین لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٧ پەسەند بکرێت، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە فڕۆکەخانەکە ڕادەستی سوپای عەرەبی دەکرێت، بەڵام ئینگلیزەکان بۆ ماوەیەکی زیاتر تیایدا ماونەوە.

 

دوابەدوای کشانەوەی بەریتانیا لە فەلەستین، فڕۆکەخانەکە بۆ ماوەیەکی کورت لەژێر کۆنترۆڵی هێزە عەرەبییەکاندا بوو، دواتر و لە تەمموزی ١٩٤٨ لە ئۆپەراسیۆنی “دانی”دا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستی بەسەرداگیرا.

 

لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٨دا دەسەڵاتی ئیسرائیل بڕیاریدا ناوی فڕۆکەخانەکە بگۆڕێت بۆ “بن گۆریۆن” ئەمەش دوای مردنی یەکەم سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان.

 

فڕۆکەخانەکە، لەو کاتەوە دەیان جار فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی بەخۆیەوە بینیوە و شیوازە مۆدێرنەکەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا سەریهەڵدا.

فڕۆکەخانەکە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئیسرائیل، لە باکووری شاری لۆد، نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر لە قودس و نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی تەلئەبیبەوە دوورە، لەجێیەکدا هەڵکەوتووە، جەندین ڕێگا بە قودسەوە دەبەستێتەوە.

 

فڕۆکەخانەکە دوو هۆڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت، یەکەمیان بۆ گەشتە نێودەوڵەتییەکان دیاریکراوە و ژمارە (٣)ی لەسەرە، دووەمیشیان بۆ گەشتە ناوخۆییەکانە و ژمارە (١)ی لەسەرە، جگە لە ٣ ڕێڕەوی فڕین و هێلیپاد.

 

لە ١١ی تەمموزی ٢٠١٤، چەکدارانی بزنووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە لەمیانی ئۆپەراسیۆنی(العصف المأكول) فڕۆکەخانەی بن گوریۆنیان بۆردومان کرد.

لەوکاتەدا حەماس ڕایگەیاند؛ سێ موشەکی ئێم ٧٥ی تەقاندووە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، سیستمی Iron Dome ڕێگری لە موشەکەکان کردووە و لەدەرەوەی تەلئەبیب خستوویاننەتەخوارەوە.

بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەکەش پشتڕاستی کردەوە کە دامەزراوەی ئاسمانی بۆ ماوەی نۆ خولەک کارەکانی ڕاگرتووە لەو کاتەدا.

پاشان لە ٢٢ی ئابی ٢٠١٤، لە ١٢ی ئایاری ٢٠٢١، لە هەڵمەتی “شمشێری قودس”، فڕۆکەخانەکە شایەتی چەندین جار بۆردوومانی مووشەکی و وەستانی گەشتەکانی بووە.

 

هاوکات گروپی حوسییەکانی یەمەن لە ئەیلوولی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند؛ فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیان بە مووشەکی بالیستیک کردۆتە ئامانج، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ هاتنەوەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ئەمریکاوە.

 

لە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، ئیسرائیل ڕایگەیاند، حزبوڵای لوبنان ١٠ موشەکیان بەرەو ناوەڕاستی ئیسرائیل تەقاندووە، یەکێک لەو موشەکانە لە نزیک فڕۆکەخانەکە کەوتووەتە خوارەوە.

 

دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر سەنعا و حودەیدە، حوسییەکان ڕایگەیاند؛ لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بە مووشەکێکی هایپەرسۆنیک، فڕۆکەخانەی بن گوریۆنیان کردۆتە ئامانج، ئەمەش دەسەڵاتدارانی ناچار کردووە گەشتەکانیان بۆ ماوەی نیو کاتژمێر ڕابگرن.

 

هاوکات ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٥، حوسییەکان ڕایانگەیاند؛ بە دوو مووشەکی بالیستی فڕۆکەخانەکەیان کردۆتە ئامانج، ئەمەش پێنجەمین هێرشیان بوو بۆ سەر فڕۆکەخانەکە لە چەند ڕۆژی یەک لە دوای یەکدا.

 

لە ٤ی ئایاری ٢٠٢٥، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند؛ مووشەکێک کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو، لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن کەوتەخوارەوە.

لەوکاتەدا ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە ڕایگەیاند، سیستەمی THAAD و تیری ئیسرائیلی – ئەمریکی نەیانتوانیوە ڕێگری لەمووشەکەکەی یەمەن بکەن، بەمهۆیەوە ملیۆنان ئیسرائیلی ڕوویان لە پەناگەکان کرد.

هاوکات کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، مووشەکەکە چوار چین لە بەرگری ئاسمانی تێپەڕاندووە، پێش ئەوەی بکەوێتە ناو دڵی فڕۆکەخانەکە.

 

سەرچاوە: ئەلجەزیرە + میدیاکانی ئیسرائیل

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە