توێژینەوەیەکی ئەم دواییە ئاشکرایکردووە، پیاوان لە زۆرێک لە وڵاتان زیاتر لە ژنان تووشی سێ نەخۆشی باو دەبن و گیانیان لەدەستداوە.
توێژینەوەکە وردەکاری سەرنجڕاکێشی سەبارەت بە جیاوازی تەندروستی جێندەری ئاشکرا کردووە، چونکە ژن و پیاو لە سەرانسەری جیهاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی تەندروستی جیاواز دەبنەوە.
لە کاتێکدا کە پیاوان بەگشتی ڕێژەیەکی بەرزی نەخۆشی و مردن ئەزموون دەکەن، ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیاواز دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن و کوالیتی چاودێری تەندروستی. ئەم جیاوازییانە بەهۆی هۆکارە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە ئاڵۆزەکانەوە دروستدەبن کە کاریگەرییان لەسەر ڕەفتارە تەندروستییەکان و شێوازەکانی بەرکەوتنی مەترسی هەیە.
لە میانی توێژینەوەکەدا، بە سەرۆکایەتی ئەنجێلا چانگ لە زانکۆی باشووری دانیمارک توێژەران داتای تەندروستی جیهانییان لەسەر کەسانی تەمەن و ڕەگەزی جیاواز کۆکردەوە، تیشکیان خستە سەر سێ نەخۆشی ئەوانیش بەرزی پەستانی خوێن، شەکرە، ئایدز.
بە بەراوردکردنی ڕێژەی تووشبوون و جیاوازی لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن لە نێوان ڕەگەزەکاندا، توێژەران هەوڵیاندا تیشک بخەنە سەر نایەکسانی تەندروستی و کەمی بکەنەوە.
ئەنجامەکان جیاوازییەکی بەرچاوی ڕەگەزییان لە هەموو قۆناغەکان ئاشکرا کرد، لە بەرکەوتن بە هۆکارەکانی مەترسی، لە ڕێگەی پێشکەوتنی نەخۆشی، دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن، تا مردن.
توێژینەوەکە جیاوازییەکی سەرنجڕاکێشی لە کوالیتی چاودێری تەندروستیدا ئاشکرا کردووە کە پێشکەش بە ژن و پیاو دەکرێت لە سەرانسەری جیهاندا، لەگەڵ بۆشایی ڕوون لە چارەسەرکردنی سێ باوترین نەخۆشییە درێژخایەنەکاندا.
لە حاڵەتی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێندا، پیاوان ڕێژەی جگەرەکێشانیان لە 176 وڵاتدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزتر بووە لە کۆی 204 وڵاتی بەشداربوو لە توێژینەوەکەدا، لەکاتێکدا ژنان لە 130 وڵاتدا ڕێژەی قەڵەوییان بەرزتر بووە، لەنێویاندا ئەمریکا و بەریتانیا و زۆربەی وڵاتانی کەنداو. هەروەها داتاکان دەریانخستووە کە پیاوان زیاتر بەهۆی ئاڵۆزییەکانی بەرزی پەستانی خوێنەوە لە 107 وڵاتدا گیانیان لەدەستداوە، بەتایبەتی لە وڵاتانی داهات بەرز و مامناوەند وەک چین و بەرازیل.
سەبارەت بە نەخۆشی شەکرە، ڕێژەی بڵاوبوونەوەی زیاتر لە نێوان پیاوان لە ٦١ وڵاتدا بەدیکرا، وەک مەکسیک و پاکستان، لەکاتێکدا ڕێژەی زیاتر لە نێوان مێینەکاندا تەنها لە ١٠ وڵاتدا بەدیکرا، زۆربەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بوون.
جیاوازییەکە لە ڕێژەی مردندا زیاتر دەرکەوتووە، مردنی پیاوان لە مردنی مێینە زیاتر بووە لە ١٠٠ وڵاتدا، لەنێویاندا هیندستان و میسر، بە بەراورد بە تەنها نۆ وڵات، لەنێویاندا بەنگلادیش، کە مردنی مێینەیان زیاتر تۆمارکردووە.
لە چوارچێوەی ئایدزدا، لە ١٣٩ وڵاتدا لەوانە ئێران و ئەفغانستان لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکاندا ژمارەی نێرەکان لە مێیەکان زیاتر بووە، بەڵام مێینەکان لە ١١٣ وڵاتدا مەیلی زیاتریان بۆ پراکتیزەکردنی سێکسی ناپارێزراو نیشانداوە، لەنێویاندا زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا. هەروەها لە 131 وڵاتدا، لە نێوانیاندا ئەفریقای باشوور و کینیا، ڕێژەی مردن لە پیاوان زیاتر بووە، بە بەراورد بە تەنها 25 وڵات کە مردن لە نێوان مێینەکاندا زیاتر بووە، لەنێویاندا مۆزەمبیق.
ئەم جیاوازییانە جیاوازییە بنەڕەتییەکان لە شێوازەکانی ڕەفتاری تەندروستی و بەرکەوتن بە مەترسییەکانی نێوان ڕەگەزەکان ئاشکرا دەکەن، کە پێویستی بە ڕێبازی خۆپارێزی و چارەسەری تایبەتمەند هەیە کە ئەم جیاوازییانە لەبەرچاو بگرن.
توێژینەوەکە بەو ئەنجامە دەگا کە ئێمە پێویستمان بە ڕێکخراوی گشتگیرترە بۆ چاودێریکردنی جیاوازییە جێندەریەکان و پەرەپێدانی سیاسەتی تەندروستی یەکسان.