کەسوکارانی شەهیدانی هەڵەبجە بەبڵاوکردنەوەی ناوی هەڵەبجە وەک 19ـیەمین پارێزگای هەڵەبجە دڵخۆشی خۆیان دەربڕی و دەڵێن” ئەم بەرهەمە بۆ بەرژەوەندی گشتیی بێت نەک بۆ مەبەستی حزبی و تایبەت بەکاربهێندرێت”.
ئەمڕۆ، لە مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە، کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە و کەسوکارانی شەهیدان، پاش بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائیعدا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجام دا و رایانگەیاند، ناوی هەڵەبجە دوای مێژووە پڕ لە شانازییەكەی خۆی و كیمیابارانكردنی، سیفەتێكی نێودەوڵەتی وەردەگرێت، دەبێتە هێمایەك بۆ چەسپاندنی ئاسایش و دادگەری جیهانی، لەئاستی نێودەوڵەتیدا چەندین پەیماننامەی دژە مرۆڤایەتی و چەكی كۆكۆژی بەدوای خۆیدا هێنا، جگە لەوەش لەئاستی ناوخۆدا دروستبوونی قەوارەی هەرێم و ڕووخانی دیكتاتۆری سەدەی بەدوادا هات.
وتیشی: ڕۆژگارێك لەبەغدای پایتەختەوە بڕیار درا ژیانكردن لە شارەكەدا قەدەغەبكرێت شارەكە بەتەواوی هەڵوەشێتەوە، ئەمڕۆ هەر لەو پایتەختەوە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، ناوی هەڵەبجە وەك ١٩ـیەمین پارێزگای عێراق چەسپا، بەپارێزگابوون مەدالیای شكۆیە و درا لە یەخەی هەڵەبجە و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی قوربانیدانی خەڵكی شارەكەیە دژی ستەمكاران لە مێژووی ناوچەكەدا، هەروەها بەرهەمی سەدان چالاكی مەدەنی نووسەر و ڕۆشنبیرانە خەونیان هەستانەوە و ئاوەدانكردنەوەی شارەكەیە، بۆیە دەخوازین بەپارێزگابوونی شارەكە بەرهەمی بۆ سودی گشتیی هەبێت و لە بەرژەوەندی حزبی و تایبەتدا قەتیس نەهێڵرێتەوە.
کەسوکارانی شەهیدانی هەڵەبجە داوایەکیان لە دەسەڵاتداران هەیە و دەڵین” چەندە هەوڵ بەگەشە و بەرەوپێشچوونی شارەكە بدرێت، لە سودی هەڵەبجە و كوردستان و عێراق و مرۆڤایەتیدایە، ئەم ڕۆژە دەكرێت ببێتە وەرچەخانێكی گەورە لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی شارەكەدا، و داواکارین ئەم پرۆژەیە بۆ مەبەستی سیاسی و تایبەتی بەکارنەهێنریت، و ئەركی هەموو لایەكمانە ڕێز لە خوێنی هەموو ئەو شەهیدانە بگرین شارەكە لەپێناو نەمانی ستەم و زۆرداریدا بەخشی، هەموومان ببین بەهۆکارێک بۆ هەستانە و گەشەسەندنی هەڵەبجە و چیمان پێبكرێت درێخی نەكەین، پارێزگایەك بنەخشێنین بێتە مایەی شانازی بۆ هەموومان، ژیانی ئاسایی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكەكەی بگێڕینەوە”.
ڕۆژی 14ـی نیسانی 2025 پەرلەمانی عێراق دەنگی بە پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دا، هەروەها هەفتەی ڕابردووش لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە واژۆی لەسەركرا و ئەمڕۆش یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە ڕۆژنامەی وەقائیعدا بڵاوکرایەوە.
