“عێراق پێویستیی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە هەیە”

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی عێراق کۆبۆوە و وتی” پێویستە ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی و دەستووری عێراق بگیرێت کە ماف و ئەرکەکانی هەر لایەکی دەستنیشان کردووە”.

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی ئایاری 2025، لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی عێراق کە لە ئەندامانی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی پێک هاتبوون، گرنگی پابەندبوونی بەدەستوور و مافی سەرجەم گەلانی عێراق دووپاتکردەوە.

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند،پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاریی نێوان هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی عێراق و حکومەتی فیدراڵ گرنگی و کاریگەری خۆی هەیە،  بەتایبەتی لە بوارەکانی پشتگیریکردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی لە بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدان.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە پێویستیی ئازادیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوڵەی کاڵاکان لەنێوان هەموو ناوچەکانی عێراقدا و نەهێشتنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لەوبارەیەوە کرایەوە.

هەروەها گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەورووپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا و جەخت لە بەشداری و سوودمەندبوونی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق لەو پڕۆژە گرنگەدا کرایەوە.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشدا، عێراق لەڕووی ماددی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکیی گرنگیشە و تەنیا پێویستیی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە هەیە کە ڕێز لە مافەکانی هەموو ناوچە و گشت پێکهاتەکانی عێراق بگرێت.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە