کۆمپانیای XPeng Aerohtی چینی پرۆژەیەکی نوێی خۆی بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلێکی نایاب ئاشکراکرد کە فڕۆکەیەکی بچووکی لەناودایە.
کۆمپانیاکە ڕایگەیاند، پلانیان هەیە لە نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوودا ئۆتۆمبێلی Land Aircraft Carrier (LAC) بەرهەمبهێنن لە درێژییەکەی پێنج مەتر و نیو و پانییەکەی دوو مەتر و بەرزییەکەشی دوو مەتر دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئۆتۆمبێلەکە جێی چوار سەرنشینی تێدا دەبێتەوە، بەڵام سندوقەکەی پشتەوەی لە بری کەلوپەل و پێویستی، دەبێتە شوێنی فڕۆکەیەکی بچووک کە توانای هەڵگرنی دوو سەرنشینی هەیە.
کۆمپانیای XPeng Aeroht ڕاشیگەیاند، فڕۆکەکە بە یەک دوگمە و لە ماوەی کەمتر لە پێنج خولەکدا لە ئۆتۆمبێلەکە جیادەبێتەوە و ئامادە دەبێت بۆ فڕین.
ئاماژەشیدا بەوەی ئێستا ئۆتۆمبێل و فڕۆکەکە لە ناوچەکانی باکووری چین تاقیدەکەنەوە بۆ زانینی ئاستی بەرگەگرتنی بۆ کەشوهەوای سارد.
ڕاشیگەیاند، سەرەتا ئۆتۆمبێلەکە بۆ بازاڕەکانی چین دروست دەکرێن و ئەگەریش هەیە دواتر بح وڵاتانی دیکەش هەناردە بکرێت.