عەبدولواحێد محەمەد – نووسەر
دوا بە دوای سەرهەڵدانی کۆمەڵانی خەڵکی سوریا، دژی رژێمی ئەسەد، بارودۆخەکە ئەوەندە ئاڵۆز بوو، ئیتر بووە گۆڕەپانی چەندین هێزی جۆراجۆر، هەر یەکە و بە ئەجندایەکی تایبەت و بۆ بەرژەوەندی لایەنی هەرێمی یان نێودەوڵەتی تا زلهێزەکانی جیهانیش جوڵەیان پێدەکرا، ئەوەی لەبەر چاوان دیاربوو گوایا هەمویان شۆڕشگێڕ و بەرهەڵستکاری رژێمن ، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان لە ژێر هەژمونی ئەم و ئەودا بوون، لە هەمویان مەترسیداتر رێکخراوی تیرۆرستی قاعیدە و داعش بوو.
جێگەی داخە کوردستانی رۆژئاوا بە فیتی لایەنێکی هەرێمی دیاریکراو، ئامانجێکی ئاشکراو شاراوەی ئەو هێزانە بوو، بە مەبەستی زەبر وەشاندن و کۆمەڵکوژکردنی کوردان، تاوەکو لە نێو ئەو بارودۆخە تازەیەی سوریاوە بەوەڕانەگەن رۆڵی خۆیان وەکو نەتەوە بگێڕێن و بەرجەستەی مافەکانیان بکەن.
هەرچەندە گەلی کورد لەو بەشە خاوەن خەباتێکی درێژخایەنە و لە هەوڵەکانی بەردەوام بووە، بەڵام ئەو داکەوتە تازەیە وایکرد پەنا بۆ خەباتی چەکداری بەرن و بە نەزمێکی زۆر نوێ و مۆدێرن خۆیان رێک بخەن، بە شێوەیەک لە ماوەیەکی پێوانەییدا هەزاران لاو و خورت و کچی کورد و ئەو نەتەوانەی لەو سەر زەمینە دەژیان، لە خۆگرت و توانیان جێ پێی خۆیان قاییم بکەن و ببنە جێی سەرنجی وڵاتان و بەرەی دژی تیرۆر، تەنها هێزبوون لە سوریا کە شناس و مەنەفێست و ئامانجی ئاشکرایان هەبێت، ئەویش بریتیبوو لە شەڕ دژی تیرۆرهەروەها پاراستنی نەتەوەی کورد و هاوبەشەکانیان لە کوردستانی رۆژئاوا و سوریایەکی دیموکراتیک.
ئاشکراشە لەو پێناوەدا زیاتر لە ١٣٠٠٠شەهید و ٣٠٠٠٠برینداریان بەخشیوە، بەردەوامیشن لە بەرخودان و روبەڕوبوونەوە، چونکە هێشتا هەڕەشەکانی تیرۆر و هاوبچمەکانیان وامە و لە بۆسەدان، پێویستە لەوەدا هاوکاری بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان کە بە هاوپەیمانی دژی تیرۆر ناسراوە، لە بیر نەکرێت.
دیارە دوای سەوداسەرێکی گوماناوی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەروەها پێدانی تیشکی سەوز کە وردەکاریەکەی زۆرە بە پێویستی نازانم هەموی بخەمەڕو بۆ کاتێکیتر دوای دەخەم، هەر ئەو هێزانەی پێشتر تۆمەتبار بوون بە تیرۆر و هەزار و یەک پرسیاریان لەبارەیەوە دەکرا، بوونە شۆڕشگێڕ و بە سواری دەبابە و خودڕەوی برا دراوسێکانیان لە چاوتروکانێکدا رژێمەکەی ئەسەدیان روخاند.
هەرچەندە من بڕوام وایە، بڵێم بۆیان روخاندن، دیارە لەو دەمەوە بەردەوام بینە و بەردە لە نێوان ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی هەسەدە و ئەو بچمە تازانە بوونی هەبووە، هەندێک جار بەرز و هەندێک جاریش نزم، هەموشمان دەزانین ئەوانە لە کوێ لە دژی کورد قورمیش دەکرێن، بۆیە ئەو ناڕونیەی لەو وڵاتە هاتۆتەپێش بەتایبەت لەبەر پاشخانی ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتیان لە دەستە کە رەنگە وا نەمێنێت، وایکردووە هەموو پێکهاتەکان لە ئاییندەی خۆیان بەدگومان بن.
بە تایبەت کوردستانیانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، چونکە وتەیەکی نەستەق هەیە دەڵێت( هەرگیز فەرخەی گورگ ماڵی ناکرێت)، ئەمە وایکردووە هەرکەسە و لە لایەن خۆیەوە تەگبیری ئەو دۆخە تازەیە بکەن، ئیتر بەهەر رێگایەک بۆیان بلوێت ، بۆ کوردان و هاوبەشەکانیان باشترین رێگەچارە یەکڕێزی و یەک وتاری هەموو لایەنەکانی ئەو بەشەی کوردستانە.
بەڕای خۆم سەرکردەکانی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی هەسەدە لە مامەڵەکردن لەگەڵ جەرەیانی روداوەکان باشیان هێناوە و سەرکەوتوبوون، ئەکیدیش خۆیان بۆ ئەم قۆناغە و ئاییندەش تەیارکردووە و دەزانن پێویستیەکانی چیە، لەبەر ئەوە جاڕی کۆنفرانسی یەکڕیزیاندا، دڵنیام ئەوەیان پاش وتوێژێکی ماراسۆنی لەگەڵ لایەنەکان و بە پیشتیوانی هەوپەیمانان بوو، ئەو هەنگاوەش لە لایەن ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەوە سەرچاوەی گرت کە نهێنی سەرکەوتن لە یەکڕیزی گەلانی ئەو دەڤەرەیە.
دیارە بەو گردەهەماییە دەیانەوێت، سێ پەیام، بە گوێی هەموو لایەنەکاندا بچرپێنن:
یەکەم: هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە سوریایەکی دیموکرات و فیدرال بەرقەرار بێت تیایدا مافی هەموو پێکهاتەکان، بە تایبەت کوردستانی رۆژئاوا، بە پێی ستاندارە نێودەوڵەتیەکان بەرجەستە بێت، لەوە کەمتر قبوڵ ناکرێت.
دووەم: لە بەرامبەرئەو هەموو هەڕەشە و مەترسیانە دەبێت هەمومان بە ئاراستەی کوردایەتی و پێکەوە ژیان کاربکەین ، چیتر بۆ هیچ لایەنێک رەوا نیە بۆ بەرژەوەندی تایبەت و دەسکەوتی ماددی گریمانە گۆماناویەکان قبوڵ بکات.
سێیەم: وڵاتانی هەرێم هەرچی لە دەستتان هات کردتان چ بە خۆتان چ بە بەکرێ گیراوەکانتان، کۆمەڵکوژی، سوتماککردنی خاک و ئاو، دەربەدەرکردن، کڕینی وێژدان و بە کرێگرتن، هیچتان پێ نەکرا، ئێستا کاتی ئەوەیە لە کەڵکەڵەی شەیتان بێنە خوارێ و دان بە هەڵەکانتان و مافە رەواکانمان بێنن، دڵنیابن ئەوە بەرلەوەی قازانجی کوردستانیان بێت قازنجی خۆتانە، روتان لە م دنیا و لەو دنیا سپێ دەبێتەوە