میدیای ئێران بڵاویکردەوە کە هێزەکانی تورکیا ڕێوشوێنی ئەمنییان لەدەوروبەری بنکەی زیلکان لە ناوچەی باشیکی نزیک نەینەوا توندترکردوەتەوە بۆ دڵنیابوون لەچوونە ژوورەوەی کاروانێکی گەورەی سەربازیی بۆ ناو بنکەکە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی بڵاویکردەوە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا تورکیا هێنانی سەرباز و چەکو کەلوپەلی سەربازیی قورسی بۆناو بنکەی زیلکان زیادکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو هەنگاوە “لەکاتێکدایە کە ئاماژەکان بۆ بەهێزبوونی هەمیشەیی بوونی سەربازیی تورکیا لەهەرێمی کوردستان و عێراق زیادیانکردووە”.
ڕوونیشیکردەوە کە تۆپخانەکان لەشەودا هێنراون بۆ ئەوەی نەبنە جێگهی سەرنج و ئەو تۆپە قورسانەی دەگوازرێنەوە توانای ئەوەیان هەیە ناوچەیەکی فراوانی موسڵو ناوچەکانی دەوروبەری بکەنە ئامانج.
بنکەی زیلکان یەکێکە لەگەورەترینو گرنگترین بنکەی سەربازیی تورکیا لە عێراق کە دەکەوێتە پێگەیەکی جوگرافیی گرنگ کە دەتوانرێت لەوێوە هێرش بکرێتە سەرئامانجەکان لە قووڵایی خاکی عێراق.
لەساڵی 2016 تورکیا هێزێکی لەسەربازگەی زیلکان لەنزیک باشیک جێگیرکرد، کە سەدان سەرباز و تانکو زرێپۆشو چەکی قورسی تێدا جێگیرکراوە.
