سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (ئەندەرپاسی والی) لە سلێمانی رایگەیاند، مانگی داهاتوو ئەندەرپاسەکە بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە و دەشڵێت: تێچوی پڕۆژەکە 7 ملیار و 700 ملیۆن دینار بووە.
لوقمان تەها، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (ئەندەرپاسی والی) لەسلێمانی لەلێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، “بڕیارە لە مانگی حوزەیران (6)دا، ئەندەرپاسەکە بەڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە “.
ڕاشیگەیاندووە،” لەمانگی 9ی ساڵی 2023 دەست بەکارکردن لە پڕۆژەکە کرا، دەبوو مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو پڕۆژەکە تەواوبوایە و بەڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی چەند کێشەیەک کردنەوەی پڕۆژەکە دواکەوت “.
ئاشكراشی كرد،” لەو شوێنە بۆرییەکی ئاو لە ژێر زەویدا هەبوو، ئەمەش وایکردووە %25ـی پرۆژەکە بوەستێت، هۆکاری دووەمیش بریتیە لەزیادکردنی بودجەی پرۆژەکە؛ سەرەتا بودجەکە 6 ملیار دینار بوو، دواتر نزیکەی ملیارێک و 700 ملیۆن دیناری خرایە سەر”.


