دادگای دووبز سکاڵایەکی عەرەبە هاوردەکانی لە بەرژەوەندیی جووتیارانی کوردی گوندی شەناغەدا یەکلایی کردەوە.
بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای دووبز، ئەو سکاڵایەی ژمارەیەک عەرەبی هاوردە کە لەسەر سێ جووتیاری کوردی گوندی شەناغەیان تۆمار کردبوو، لە بەرژەوەندیی سێ جووتیارەکە یەکلایی کردەوە.
سکاڵای عەرەبە هاوردەکان بۆ چوار مانگ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و بە تۆمەتی “داگیرکردنی زەوی” لەسەر سێ جووتیاری کوردی گوندی شەناغەی ناحیەی سەرگەڕان تۆمار کرابوو. ئەو کات، سێ جووتیارەکە بۆ چەند ڕۆژێک دەستگیر کرابوون، بەڵام دواتر بە کەفالەت ئازاد کران.
پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، یوسف حەسەن شوانی، پارێزەری خۆبەخشی جووتیارە کوردەکان، ئەوەی وتبوو، “بۆ دادگا ڕوونبووەتەوە پارچە زەوییەکە هی جووتیارە کوردەکانە، نووسراو و بەڵگەی پێویستمان لەبەر دەستە بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان”.
باسی لەوەشکردبوو: پارچە زەوییەکە هی باب و باپیرانی ئەو جووتیارانەیە و تاپۆیان هەیە، کەچی ئەو عەرەبانەی سکاڵایان تۆمار کردووە، لە بنەڕەتدا خەڵکی کەرکوك نین و هاوردە کراون.
هاوکات محەمەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، ڕایگەیاند: “دۆخی جووتیارانی سەرگەڕان زۆر خراپە و تا ئێستا سوپا ڕێگریی لە کاری کشتوکاڵی دەکات”.
