دەزگای تەندروستی نیشتمانی (NHS) لە ئینگلتەرا، خستنەرووی چارەسەرێکی نوێی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە بە بەکارهێنانی پیکوتەیەکی نوێ راگەیاند، وەک یەکەمین جۆری خۆی لە ئەوروپا، کە تەنها لە ماوەی پێنج خولەکدا چارەسەری ١٥ جۆری جیاوازی شێرپەنجە دەکات.
دەزگای تەندروستی نیشتمانی ئەو وڵاتە، دەڵێت؛ چارەسەرە نوێیەکە پشت بە دەرمانی “Nivolumab” دەبەستێت کە جۆرێکە لە چارەسەری بەرگریی، جگە لەوەش ئەم پێکوتەیەلە ژێر پێست دەدرێت و تەنها لە ماوەی سێ بۆ پێنج خولەکدا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت، کە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی نزیکەی ١٥ جۆر شێرپەنجە، لەوانە شێرپەنجەی پێست و میزڵدان و سورێنچک.
دەزگای تەندروستی نیشتمانی (NHS) لە ئینگلتەرا، جەختیشی لەوەکردووەتەوە؛ ئەم جۆرە چارەسەرە بەبێ هیچ تێچوونێکی زیادە بەردەست دەبێت بەهۆی ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەرهەمهێنەرەکەی، بریستۆڵ-مایرز سکویب.
هاوکات وەزیری تەندروستی گشتی بەریتانیا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم ڤاکسینە نوێیە چارەسەری شێرپەنجە خێراتر دەکات، توشبووانی شێرپەنجە لە ئینگلتەرا لەیەکەم کەسەکان دەبن لە ئەوروپا کە سوودمەند بن لەم جۆرە چارەسەرە.
لای خۆیەوە پرۆفیسۆر پیتەر جۆنسن، بەڕێوەبەری کلینیکی نیشتمانی بۆ شێرپەنجە لە دەزگای تەندروستی نیشتمانی (NHS) لە ئینگلتەرا، ڕوونیکردەوە، چارەسەری بەرگری هەنگاوێکی گەورەیە بۆ زۆرێک لە نەخۆشەکان، هەروەها توانای گەیاندنی کاریگەریی لە چەند خولەکێکدا مانای ئەوەیە کە دەتوانرێت پرۆسەکە زۆر ئاسانتر بکرێت، بەتایبەتی کە بۆ چارەسەرکردنی ١٥ جۆری جیاوازی نەخۆشیەکە بەکاردێت، بەمەش توانای نەخۆشخانەکان زیاد دەکات .
بەگوێرەی دەزگای تەندروستی نیشتمانی (NHS) لە ئینگلتەرا، بەریتانیا ئامادەکاری دەکات بۆ چارەسەرکردنی وەجبەی یەکەمی نەخۆشەکان بەو چارەسەرە نوێیە لەمانگی داهاتوودا.

