قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بازرگانان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە و ڕایگەیاند، بڕیار لەسەر چارەسەرکردنی بەشێک لەو کێشانە درا کە لە توانای دەسەڵاتی خۆماندایە.
ئەمڕۆ ٢٠٢٥/٥/٣ ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و محەمەد تاهیر، سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و بەڕیوەبەرانی گومرگ و ئاسیش و کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری و تەندروستیی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و بەڕێوەبەری تاقیگەی رەزگە و نوێنەری بازرگانان و نوێنەری عەلوەی سلێمانی و سەندیکای شۆفێران و نوێنەری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان، کە لە مەرزی باشماخ چاودێری و پشکنین دەکەن بۆ کەلو پەلە هاوردەکراوەکان کۆبووەوە.
قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوانە بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لەو کێشە و گرفتانەی کە ڕووبەڕووی هەموو لایەک دەبێتەوە بە تایبەت کێشەی بازرگانان، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر چارەسەرکردنی بەشێک لەو کێشانە درا کە لە توانای دەسەڵاتی خۆماندایە، ئەوانەشی لە دەسەڵاتی وەزارەتدایە بە نووسراوی فەرمی بەرز دەکرێتەوە و داوایان لێدەکریت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هەیە.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وتی: وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێمانباش بوو لە نزیکەوە گوێ لە داواکاری و کێشەکانی بازرگانان بگرین، كە لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ هەیانە تا بتوانین بە هەموو لایەک هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەین.
ئاماژەی بەوەدا، لەچاو ساڵانی ڕابردوودا کێشەکان زۆر کەم بۆتەوە، تواندرا لەکۆ بوونەوەکەدا هەندێک بڕیار بدرێت و بەنوسراوی فەرمی ئاراستەی جێگری سەرۆکی حکومەت بکرێت، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ باشکردن و خێرا ڕاپەڕاندنی کارەکانی بازرگانان و هاووڵاتییان و شۆفێران لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ کاری پێویسف بکەن.
هەر لە کۆبونەوەکەدا محەمەد تاهر، سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، ڕایگەیاند: دەمانەوێت جموجۆڵی بازرگانی لەمەرزی باشماخ بەرەو پێش بەرین باشترین کاڵا بە کوالێتی بەرز بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی کۆ بوونەوەکەدا گەشتین بە چەند بڕیارێک ئەوەی لەدەستە ڵاتی خۆماندا بێت جێبەجێی دەکەین و ئەوەی نەمانتوانی بە نووسراوی فەرمی داوا لە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکەین بۆ چارەسەرکردنی.

