قایمقامی سلێمانی لەبارەی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ لە سلێمانی بڕیاریدا و دەڵێت”ڕێگە بەکڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ نادەین”.
ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، بەهۆی بوونی نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە، جگە لەمەیدانی ئاژەڵ فڕۆشتن لە شارەکە ڕێگە بەهیچ کەسێک نادەین کڕین و فڕۆشتن لەدەرەوەی مەیدانەکە بەئاژەڵەوە بکات.
ئاماژەی بەوەشدا، لەئێستادا تیم و یەکەی پێویستمان دروستکردووە بۆئەوەی بەبەردەوامی چاودێری و سەردانی مەیدانی ئاژەڵ فرۆشان بکات بۆ پشکنینی ئاژەڵەکان.
ئەوەشی خستەڕوو،ا ئەم بریارە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانە و لە جەژنی قوربانیشدا جێبەجێدەکرێت.
ئاوات محەمەد دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان و دەڵێت”بەهاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆمەڵێک ڕێوشوێنمان گرتووەتەبەر، و خۆشبەختانە تائێستا لە سلێمانی هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون تۆمارنەکراوە”.
جێی باسە، دوێنێ یەکەم حاڵەتی تووشبوونا بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە شاری کۆیە تۆمارکرا و بەم هۆیەوە کوشتارگەیەکی شارەکە داخرا و وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە.
