خواردنەوەی چا دوای خواردن؛ خووە یان هەڵەیەکی تەندروستی؟

 

خواردنەوەی چا دوای خواردن خوویەکی سودبەخشە؟

چا یەکێکە لەو خواردنەوانەیە، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت لە سەرانسەری جیهاندا، هەروەها لە سەرووی لیستی ئەو خواردنەوانەدایە کە دوای ژەمەکان پێشکەش دەکرێن لە زۆرێک لە وڵاتاندا، ئایا خواردنەوەی چا دوای خواردن خوویەکی ڕۆژانەی سودبەخشە، یان هەڵە و مەترسییەکی تەندروستی؟

 

سوودە ئەگەرییەکانی خواردنەوەی چا دوای خواردن

سەرەڕای هۆشدارییەکان لە خواردنەوەی چا ڕاستەوخۆ دوای ژەمەکان، هەندێک ئەم خواردنەوەیە بە دەستکەوت و چەند سوودێکەوە دەبەستنەوە لەوانە:

بەرزکردنەوەی کرداری هەرس: چا بە تایبەت، چای سەوز یان چای نەعنا، پێدەچێت یارمەتی هێورکردنەوەی گەدە و بەرزکردنەوەی هەرسکردن بدات، بەتایبەتی دوای خواردنی ژەمێکی قورس.

دژە ئۆکسێنەرەکان: چا پڕە لە دژە ئۆکسێنەر بەتایبەت پۆلیفینۆل هەوکردن کەم دەکاتەوە و تەندروستی دڵ بەرەوپێش دەبات.

کەمکردنەوەی ئاستی چەوری: هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، چای سەوز ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی مژینی چەوری، ئەمەش ڕەنگە سوودی هەبێت بۆ ئەو کەسانەی هەوڵی پاراستنی کێشێکی تەندروست دەدەن.

مەترسییە تەندروستییەکانی چا، دوای خواردن

سەرەڕای ئەو سوودانەی باسمان کرد، خواردنەوەی چا ڕاستەوخۆ دوای خواردن ڕەنگە هەندێک کاریگەری نەرێنی هەبێت، بەتایبەتی ئەگەر زیادەڕۆیی تیابکرێت یان لەکاتی هەڵەدا بخورێت:

کەمکردنەوەی مژینی ئاسن

چا ماددەی تانینی تێدایە، کە بە ئاسن لە خۆراکدا دەبەسترێتەوە، بەتایبەتی ئاسنی ڕووەکی، ئەم پەیوەندییە توانای لەش بۆ هەڵمژینی ئاسن کەمدەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاسن بە تێپەڕبوونی کات، بەتایبەتی لەو کەسانەی پشت بە سەرچاوەی ڕووەکی ئاسن دەبەستن وەک نیسک و سپێناخ.

تێکچوونی هەرسکردن

خواردنەوەی چا ڕاستەوخۆ دوای خواردن لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی کارەکانی کۆئەندامی هەرس لە هەندێک کەسدا، وەک ئاوسانی سک یان غازات، بەتایبەتی ئەگەر چایەکە خەست بێت.

زیادبوونی ترشی گەدە

خواردنەوەی چای ڕەش، دوای ژەمێکی قورس لەوانەیە ترشی گەدە زیاد بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە سووتانەوە لەو کەسانەدا، کە نەخۆشی گەڕانەوەی گەدە و سورێنچک (GERD)یان هەیە.

کاریگەری لەسەر خەو

چای کافاینی تێدایە، کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر کوالێتی خەو هەبێت کاتێک ئێواران دەخورێت، بەتایبەتی ئەگەر ژەمی ئێوارە درەنگ بێت.

جۆر و کاریگەرییەکانی چا

هەموو چایەکان کاتێک دوای ژەمەکان دەخورێنەوە کاریگەرییان وەک یەک نییە، بۆیە گرنگە جیاوازی بکەین لە نێوان جۆرە جیاوازەکاندا:

چای سەوز: بژاردەیەکی سووک و تەندروستە، بەڵام کاریگەری لەسەر هەڵمژینی ئاسن هەر دەمێنێتەوە.

چای سوور یان ڕەش: ڕێژەیەکی زیاتر لە تانینی تێدایە لە چاو چای سەوزدا، ئەمەش ئەگەری کاریگەری نەرێنی لەسەر هەڵمژینی کانزاکان زیاد دەکات.

چای گیایی: وەک چای نەعنا یان زەنجەفیل، نەرمترە لەسەر گەدە و کەمتر کاریگەری لەسەر هەڵمژینی ئاسن دەبێت.

باشترین ڕێگا بۆ خواردنەوەی چا دوای خواردن

بۆ سودمەندبوون لە سوودەکانی چا و دوورکەوتنەوە لە زیانەکانی، دەتوانن ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن:

واباشە ٣٠ بۆ ٦٠ خولەک دوای نانخواردن چاوەڕێ بکرێت پاشان چا بخورێتەوە، بۆ ئەوەی لەش بتوانێت ماددە خۆراکییەکانی ناو خواردنەکە هەڵبمژێت.

چای گیایی یان چای سەوز هەڵبژاردنێکی باشترە لە چای ڕەش ئەگەر نیگەرانی مژینی ئاسن یان کاریگەرییەکانی کافاین بیت.

بۆ باشترکردنی سوودە تەندروستییەکانی چا باشترە بەبێ زیادکردنی شەکر بیخۆیتەوە یان جێگرەوە سروشتییەکانی وەک هەنگوین بەکاربهێنرێت.

خواردنەوەی یەک یان دوو کوپ لە ڕۆژێکدا بەسە بۆ چنینەوەی سوودەکانی چا بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر تەندروستیت هەبێت.

جۆرەکانی چا، سوود و زیانەکانی؛

چای سەوز

سوودەکانی: دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسێنەر، یارمەتی هەرسکردن دەدات، کاریگەری ئەرێنی لەسەر سووتانی چەوری هەیە.

کاریگەرییە زیانبەخشەکانی: لەوانەیە ڕێگری بکات لە هەڵمژینی ئاسن لە خۆراکە ڕووەکییەکانی وەک نیسک و سپێناخ.

پێشنیار: دەتوانرێت ٣٠ خولەک دوای خواردن بخورێت بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگریت بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر هەڵمژینی ئاسن هەبێت.

چای ڕەش

سوودەکانی: بڕێکی زیاتر لە کافاینی تێدایە کە یارمەتی وزەبەخشین بە جەستە دەدات لە دوای نانخواردن.

کاریگەرییە زیانبەخشەکانی: دەبێتە هۆی خورانی گەدە بەهۆی بەرزی ڕێژەی تانینی تیایدا، بەتایبەتی دوای خواردنی خۆراکە قورسەکان.

پێشنیار: باشتر وایە ڕاستەوخۆ دوای خواردن، لە چای ڕەش دوور بکەویتەوە ئەگەر تووشی کێشەی هەرس یان دڵەکزێ بوویت.

چای نەعنا

سوودەکانی: یارمەتی هێورکردنەوەی گەدە دەدات و کرداری هەرسکردن بەرز دەکاتەوە، ئاوسانی گەدە لەدوای نانخواردن نا‌هێڵێت.

کاریگەری زیانبەخش: لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی ترشەڵۆکی گەدە لە هەندێک کەسدا.

پێشنیار: دوای خواردنی کەم گونجاوە، بەڵام بە وریاییەوە بەکاری بهێنە ئەگەر تووشی گەڕانەوەی ترشەڵۆک بوویت.

چای گیایی(زەنجەفیل یان بابۆنی)

سوودەکانی: هەڵبژاردەیەکی ئایدیاڵە بۆ ئارامکردنەوەی گەدە و باشترکردنی هەرسکردن، هەروەها یارمەتی کەمکردنەوەی غازات دەدات.

کاریگەرییە زیانبەخشەکانی: ئەگەر هەستیاریت بە هەندێک گیا هەبێت زیادەڕەوی تێدا مەکە.

پێشنیار: گونجاوە بۆ دوای ژەمە چەورییەکان، چونکە یارمەتی کەمکردنەوەی ئاوسانی سک و هاندانی هەرسکردن دەدات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە