هەر ئۆتۆمبێلێك كۆمەڵێك تایبەتمەندی خۆی هەیە، لە ڕووی سیستمی كارپێكردن و قەبارەی بزوێنەر و هتد…، ئەو تایبەتمەندیانەش زۆر كات بە شێوەی هێما ئاماژەیان پێدەكرێت، لێرەدا چەند هێمایەك لەوانە ڕوون دەكەینەوە:
– (*) ئەم هیمایە، مانای ئەوەیە خێرایی ئەو ئۆتۆمبێلە بە شێوەی ئەلیكترۆنی لەوەندە كیلۆمەتردا داخراوە، بۆ نمونە: 180* كیلۆمەتر/سەعات.
– (2.5SC) واتە، بزوێنەرێكی قەبارە (2.5) یان هەر ژمارەیەكی تر، بە هەواكێشی ئاسایی.
– (2.5TC) واتە، بزوێنەرێكی قەبارە (2.5) یان هەر ژمارەیەكی تر، بە هەواكێشی تۆربۆ.
– (2.5D) واتە، بزوێنەرێكی قەبارە (2.5)ی دیزڵ – (گاز).
– (2.5TDI) واتە، بزوێنەرێكی قەبارە (2.5)ی دیزڵ (گاز)، لەگەڵ تۆربۆ.
– (l4) واتە، بزوێنەرێكی (4) بستۆن، كە بە شێوەی ئاسۆیی بستۆنەكانی دانراوە.
– (l6) واتە، بزوێنەرێكی (6) بستۆن كە بە شێوەی ئاسۆیی بستۆنەكانی دانراوە.
– (V6) واتە، بزوێنەرێكی (6) بستۆن یان هەر ژمارەیەكی تر، كە بستۆنەكانی بە شێوەی پیتی (V) دانراوە، لەم سیستمەدا كە زۆرینەی بزوێنەرە نوێیەكانی لەسەر بنیاد نراوە، هێزێكی زیاترمان بە بڕێكی كەمتر لە سوتەمەنی دەست دەكەوێت.
– (FWD)، كورتكراوەی (Front Wheel Drive)ە، واتە ئەو ئۆتۆمبێلە هێزی بزوێنەرەكەی دەدات بە تایەكانی پێشەوە، بۆ ئەوەش تەنها تەماشەیەكی بزوێنەرەكە دەریدەخات، ئەگەر بزوێنەرەكە لە باری پانی ئۆتۆمبێلەكە دانرابوو، ئەوا (FWD)ە.
– (RWD)، كورتكراوەی (Rear Wheel Drive)ە، واتە ئەو ئۆتۆمبێلە هێزی بزوێنەرەكەی دەدات بە تایەكانی دواوە، ئەگەر بزوێنەرەكە لە باری درێژی ئۆتۆمبێلەكە دانرابوو، ئەوا (RWD)ە.
– (AWD)، كورتكراوەی (All Wheel Drive)ە، واتە ئەو ئۆتۆمبێلە هێزی بزوێنەرەكەی بە شێوەی ئۆتۆماتیك و بە سیستمێكی كۆمپیوتەری، دابەش دەكات بەسەر هەر چوار تەگەرەكەدا بە شێوەی هەمیشەیی.
– (4WD)، كورتكراوەی )4 Wheel Drive (ە، واتە ئەو ئۆتۆمبێلە هێزی بزوێنەرەكەی بە شێوەی دەستی یا ئۆتۆماتیكی كاتێك شۆفێر بیەوێت، دابەش دەبێت بەسەر هەر چوار تەگەرەكەدا، لەم جۆرە ئۆتۆمبێلانەدا دەتوانرێت تەنها تەگەرەكانی دواوە بخرێنە كار، لە كاتی پێویستیشدا هەر چواریان.
– (5M) واتە، گێربۆكسی ئۆتۆمبێلەكە، (5) نمرە یان هەر ژمارەیەكی دیكەی دەستیی(Manual)ە.
– (5A) واتە، گێڕ بۆكسی ئۆتۆمبێلەكە، (5) نمرە یان هەر ژمارەیەكی دیكەی ئۆتۆماتیكیی (Auto)ە.
– (5AM) واتە، گێڕ بۆكسی ئۆتۆمبێلەكە، (5) نمرە یان هەر ژمارەیەكی دیكەی دەستی و ئۆتۆماتیكیشە.
– (RPM)، كورتكراوەی (Round Per Minute)ە، كە ئاماژەیە بۆ خولانەوەی فڕەكانی كرانك شەفتی بزوێنەرەكە لە یەك خولەكدا، لێرە پێی دەڵێن (پەستانی بزوێنەر).
– (ABC) كورتكراوەی (Active Body Control)ە، واتە كۆنترۆڵی چالاكانەی بۆدی ئۆتۆمبێلەكە، ئەم تایبەتمەندییە لە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاكاندا هەیە، كە لە پێچكردنەوەدا ناهێڵێت ئۆتۆمبێلەكە زۆر بكەوێتە سەر لا و بە ڕێكی دەیهێڵێتەوە.
– (ABS)، كورتكراوەی (Anti Lock Brake System) ە، كە ناهێڵێت برێكی ئۆتۆمبێلەكە قوفڵ ببێت و بخلیسكێت، بەڵكو بە شێوەی ڕاست و چەپ تەگەرەكان دەگرێت و بەری دەدات، تا ئۆتۆمبێلەكە بە هاوسەنگی بمێنێتەوە.
– (ESP)، كورتكراوەی (Electronic Stability Program)ە، واتە جێگیر هێشتنەوە ئۆتۆمبێلەكە بە شێوەی ئۆتۆماتیكی، ئەم تایبەتمەندییەش ناهێڵێت ئۆتۆمبێلەكان لە پێچەكاندا، یاخود لەسەر شەقامە خلیسكەكان بخلیسكێن.
– (EBD)، كورتكراوەی (Electronic Brakeforce Distribution) ە، كە بە شێوەی ئۆتۆماتیكی هێزی برێكەكە دابەشی هەر چوار تەگەرەكە دەكات، هەركام پێویستی بە زیاتر بوو زیاتر دەیگرێت و كامیان پێویستی بە كەمتر بوو، كەمتر دەیگرێت، ئەوەش لە كاتی برێكی توند و پێچدا ناهێڵێت ئۆتۆمبێلەكە بەملاولادا بچێت، هاوكاری سیستمی (ABS)ە، لە كاركردندا.


