دوای تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان، بڕیار درا کوشتارگەکانی دوو قەزا دابخرێن.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، د. خەیروڵڵا خزر، بەرپرسی کوشتارگەی سنووری قەزای تەق تەق و کۆیە ڕایگەیاند، لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنەربوون، بڕیاردرا بە داخستنی کوشتارگە تا کاتێکی نادیار.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی یەکەم حاڵەتی توشبوونی بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون ڕاگەیاند، کە گۆشتفرۆشێکی دانیشتووی کۆیە بوو و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی هێناویانەتە هەولێر.
جێی باسە، ئەم نەخۆشییە لەئێستادا لە چەندین پارێزگای عێراق بڵاوبووەتەوە و ژمارەیەک تووشبووش بەهۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.
تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەکە لەڕێگەی گەنەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، زیاتر ئەو کەسانە تووشی دەبن کە کاری گۆشتفرۆشی یان بەخێوکردنی ئاژەڵ دەکەن.
