مەلا بەختیار- ئەمستردام
لە دوو وتاری دوو رۆژی رابردوودا، لەسەر مۆراڵ و تاکگەراییمان نوسی.. کە لەم سەردەمەی دیجیتاڵ و سۆشیالمیدیادا، چۆن مۆراڵ گۆڕدراوە و چۆنیش تاکگەرایی سەریهەڵداوە. لەم وتارەدا، کە تەواوکاری دوو وتارەکەی ترە، دەمانەوێ هەردوو چەمکەکەی مۆراڵ و تاکگەرایی، لەفەلسەفەی سیاسی نوێدا، شوێنیان بدۆزینەوە. چونکە خەریکە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی لەنێویاندا دروست دەبێ . با لەپێناسەی فەلسەفەی سیاسییەوە دەستپێبکەین:
-فەلسەفەی سیاسی، لقێکی لقەکانی فەلسەفەیە، بایەخ بە بنەماکانی تیۆریی و چەمکەکانی دەدات، کە سستەمو ژیانی سیاسیان لەسەر بونیاد دەنرێ. وەکو: دەسەڵات، دەوڵەت، ئازادی، دادپەروەری، مافەکان، یاسا، دادگەری و یەکسانی.
فەلسەفەی سیاسی هەوڵدەدات سیستەمە سیاسییەکان شیبکاتەوە و هەڵبسەنگێنێ، هەتا پاساوە مۆراڵییەکەی بزانرێ، هەوڵیش دەدات، کە ئەم پرسیارانە وەڵام بداتەوە:
-نمونەی حوکمڕانی باش کامەیە؟
-ئەو مافانە چین کە تاکەکان پێویستیانە؟
-کەی ملکەچی بۆ دەسەڵات ئەرکە یان رەتدەکرێتەوە؟
-جیاوازی نێوان دادگەری و یەکسانی چییە؟
(تەواوی پێناسەکامان لە ژیری دەستکرد وەرگرت!)..
بەو پێناسەیەی ژیری دەستکرد، سەبارەت بە فەلسەفەی سیاسی، کە لەناوەرۆکەکەیدا مۆراڵ و تاکیش دەگرێتەوە. ئیتر دەرگا دەکرێتەوە، وردبینەوە لەوەی ئەرکی سیاسی لەفەلسەفەی سیاسی نوێدا، بۆ تێگەیشتن لەمۆراڵ و تاکگەرایی سەردەم، چۆن دیاری بکەین؟
کاتێک.. سەرمایەداری- تەکنەلۆژی، داهێنانەکانی ئینتەرنێتی ئاسایی، لەچارەکە سەدەیەکدا تێدەپەڕێنێ و کودەتایەکی تەواوی تەکنیکی بەسەر زانیاریو ژیری مرۆڤدا سەردەخات. تەواوی دەوڵەتان، هەزاران تریلیۆن دۆلار سەرمایە بۆژیری ژیری دەستکرد تەرخاندەکەن، بێگومان ئەم بڕیارانە، سەبارەت بەسیستەمەکان، راگوزەر نییە، بەڵکو گۆڕانکاری ستراتیژیە لە سستەمی حوکمڕانیدا. کە بێگومان کاریگەرییەکی سەسوڕمهێنەری دەبێ لەسەر کۆمەڵ، تاک، چینەکان، زانکۆکانو ناوەندەکانی توێژینەوە ، بەراورد بە حوکمڕانی و ژیانی سەدەی رابردوو، بۆ ئامادەسازییەکی قوڵی فراوان بۆ سەدەی لەمەودوا. واتا: سەدەی نوێتر دەستیپێکردووە
هەر بۆیە بودجەی تەرخانکراوی ژیری دەسکرد، بێڕادە زۆرترە لە بودجەی تەرخانکراوی جەنگو ئاوەدانی. رێژەی بودجەی تەرخانکراوی وڵاتان دەیسەلمێنێ کە تەواوی بەشەریەت، رووی لە چ وەرچەرخانێکی هەرە پێشکەوتووی تەکنیکییە، کە سەرانسەری چەمکەکان، تێگەیشتنەکان، هاوکێشەکانی حوکمڕانی، کۆمەڵایەتی، تاکگەرایی و مۆراڵی ئێستاش دەگۆڕێ.
کەوابێ.. هەرگیز تێگەیشتنی کلاسیکی سیاسی، چ بۆ حوکمڕانی و چ بۆ حزبایەتی و.. چ بۆ ژیانی تاک و ژیانی خێزان و کۆمەڵیش، بە گشتی باویان نامێنێ.، بەڵکو ژینگەیەکی هەرە نوێچەشنی تێگەیشتن و پێگەیشتن، ورد و درشت.. دەرسکێ!
لەم گۆڕانکاریانەدا، ژناندێنە پێشەوەی ڕوداوەکان. دەتوانین بڵێین، بەرە بەرە ئەم سەدەیە دەبێتە سەدەی تەقینەوەی وزەی هەمەلایانەی ژن لە سیاسەتو کۆمەڵو حوکومڕانی بەدیهێنانی فراوانترین ئازادیەکان.
فەلسەفەی سیاسی نوێ.. ئیتر ئەرکێتی، ئەرکێکی چارەنوسسازێتی، تێگەشتنەکانی لەمەوبەر سەبارەت بە مۆراڵ و تاک.. تاڕادەیەکی باش بگۆڕێ و لەگەڵ سەرجەم گۆڕانکارییەکاندا، ناکۆک نەبێ. چونکە هەموو چەشنە ناکۆکییەک لەنێوان چەمکە کۆنەکان و چەمکە هەرە نوێکانی ژیری دەستکرد و تەکنیک و سیستەمی نوێ، دەبێتە کۆنخوازی زیانبەخش!
مۆراڵ.. دەبێ گرێدراوی ئەرکە نوێکانی مرۆڤایەتی بێ، لەدیموکراسی و دادپەروەریی و یەکسانی ژن و پیاو، نەک بەتەنها مۆراڵی دابونەریتی داخراو کە هەموو پرسیارە هەستیارەکان قەدەغەیە!
تاکگەرایش.. پێویستە، لەدوا ئاکامدا، هەموو ئەگەرەکانی بەردەم سەربەستییەکانی نەمێنێ. بەڵام بە فەلسەفەی نوێی سیاسی، کە چەمکە نوێچەشنەکانی فەلسەفەی هاوچەرخ، بگرێتە خۆی، تاک و تاکگەرایی گۆش بکرێ و تاکگەرایی نەگاتە رادەی هەڵبەزین یان هەڵگەران، لە کۆمەڵێک ئەرکی دیموکراسی ئاییندەی پێشکەوتوو، لەناو سیستەمی پێشکەوتووتردا.
فەلسەفەی سیاسی نوێ.. تەنها لەسەر بنچینەی چەمکە تازە سەرهەڵداوەکانی گۆڕانکارییە قوڵەکان، گەڵاڵە دەکرێ. با لەوڵاتانی دواکەوتوودا، ئەم گۆرانکارییانە دواش بکەون، بەڵام بێگومان لەسەردەمی شۆڕشی زانیاری-خێرایدا، کەمتر لەرابردوودا، لە گۆڕانکارییەکان دوادەکەوین، بەڵکو زوتر پێشدەکەوین.. زیاتریش پێویستییەکانی فەلسەفەی نوێی سیاسی دەکرێتە ئەرکی چارەنوس سازی سەردەم .. پێویستییەک، مۆراڵی نوێ و تاکگەرایی نوێ.. دەبەستێتەوە بە سیستەمی دڵخوازی هاوچەرخ..