spot_imgspot_img

حاکم قادر: پێویستە پەلە لەپێکهێنانی کابینەی نوێ بکرێت

به‌بۆنه‌ی رۆژی جیھانی كرێكارانەوە، حاكم قادر حه‌مه‌جان، سه‌ردانی لقی سلێمانی یەكێتی سه‌ندیكاكانی كرێكارانی كوردستانی كرد و وتی”هەر گۆڕانکارییەک لە هەر پارچەیەکی کوردستان ڕووبدات، کاریگەری لەسەر ناوچەكە و شوێنی دیكەش دەبێت”

‌‎ حاكم قادر حەمەجان، سه‌ردانی لقی سلێمانی یەكێتی سه‌ندیكاكانی كرێكارانی كوردستانی كرد و ڕایگەیاند، 1ـی ئایار ڕۆژێکی نوێیە بۆ یەکڕیزی و تێکۆشانی چینی کرێکاران و پێویستە کرێکاران و گەلانی ستەم دیدە، بە کردەوە و بە پەرۆشەوە تێکۆشانی دیموکراسی پەرە پێبدەن، دژی زوڵم و چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوەیی، لە پێناو بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دادپەروەردا.

حاکم قادر ڕاشیگەیاند پێویستە سەندیکای کرێکاران، داکۆکیکار و پارێزەری تەواوی مافەکانی کرێکاران بێت و کاربکەن بۆ ئەوەی یاسایی سەربەخۆ هەبێت کە لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت و ژیانی کرێکاران باشتر بکات، نەک ئەوان لەم ڕۆژەدا كە جەژنیانە ناچار بن کاربکەن.

لە درێژەی سەردانەكەید حاکم قادر ڕایگەیاند، ئەرکی حکومەتی هەرێمە بێ جیاوازی دەرفەتی کار بۆ کرێکاران بخولقێنێت و لە کاتی بێ کاریشدا بیمەی بێکاریان بۆ دابین بکات، تا ژیانێکی شەرفمەندانەیان هەبێت.

وتیشی، چینی کرێکاران ڕۆڵی بەرچاویان لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراسیدا هەبووە، هەروەها لە خەباتی ڕزگاریخوازی بزوتنەوەی کوردایەتیشدا خاوەنی چەندین شەهید و قوربانی بوون.

حاکم قادر باسی دۆخی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، پێویستە هەمووان بە وریایی و یەکگرتوویی مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە بکەین، کە لە زۆرینەی پارچەکانی کوردستاندا دۆخی نوێ هاتووەتە ئاراوە.

هەروەها ستایشی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کرد لە ڕۆژئاوای کوردستان و جەختیکردەوە کە دەتوانرێت بە یەکگرتوویی زۆرێک لە مافەکانیان بەدەستبهێنن.

باسی لەوەشکرد هەوڵەکانی ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیا هەنگاوێکی گرنگ دەبێت تا گەلی کوردستان لە پارچەکانی دیکەش زیاتر لە گەیشتن بە مافەکانیان نزیک ببنەوە، چونکە سەرەڕای پارچەپارچەکردنی، بەڵام هەر گۆڕانکارییەک لە هەر پارچەیەکی کوردستان ڕووبدات، کاریگەری لەسەر پارچەکانی دیکەش دەبێت، هەر بۆیە زۆر گرنگە پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بکرێت، تا هەرێم بۆ ئەو ئاڵەنگارییە نوێیانەی دێتە بەردەمی ئامادە بێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە