لقی سلێمانی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان داوایەک لە خاوەن کارەکان دەکات و دەڵێت”ئەو کرێکارەی ئەمڕۆ کار دەکات پێویستە دوو مووچەی پی بدەن”.
چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجەشممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەڕۆژی جەژنی کرێکاران پیرۆزبایی لەسەرجەم کرێکاران دەکەین، مەترسیی تەندروستیی پیشەیی بۆ کرێکاران لە هەموو شوێنێک و بوارێکدا هەیە، بەڵام پشکی شێری قوربانییەکان بەر کرێکارانی بیناسازی دەکەوێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ جەژنی کرێکارانە و پشووە، بۆیە هەر کرێکارێک ئەمڕۆ بەزۆر و بەبێ خواستی خۆی کاری پێ کراوە دەتوانێت سکاڵا بکات و سەرجەم ڕێککارەکان دەگرینەبەر دژی خاوەن کارەکان، و هەر کرێکارێک ئەمڕۆ کار بکات دەبێت خاوەن کارەکەی کرێی دوو رۆژی پێبدات.
چالاک رەئوف، ڕوونیشیکردەوە، لە ماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا 12 هەزار و 193 کرێکار لە 825 شوێنکاردا ناویان لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراوە بۆ سندووقی خانەنشینی.
