ئیدارەی خۆسەر داوا دەکات ڕێگری لە کۆمەڵکوژی بکرێت

ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان داوادەکات حکومەتی سووریا دەستوەردان بکات و دەڵیت”ڕێگری لە کۆمەڵکوژی تاییفی بگرن”.

لە بڵاوکراوەیەکدا، ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا شارەکانی جەرامانە و سەحنایە سەر بە پارێزگای دیمەشق ڕووداوی دڵتەزێنیان بەخۆوە بینی کە گروپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر ئەو دوو شارە و لە ئەنجامدا زیانی گیانی لێکەوتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین ئارامبگرن و کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بکەن. هەروەها داوا دەکات حکومەتی دیمەشق دەستوەردان بکات و ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی ئەو کۆمەڵکوژی و کوشتنی تائیفیانەی خەڵکی سڤیل کە لە کەناراوەکانی سووریا ڕوویانداوە.

بەپێی بڵاوکراوەکە، ئیدارەی خۆسەر بنیاتنانی سیستەمێکی فرەیی و دیموکراسی کە نوێنەرایەتی هەموو سوورییەکان بکات بە چارەسەر دەزانێت، هاوکات ڕاشیگەیاند، ئیدارەی خۆسەر بە تەواوی هەموو دەستوەردان و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی ڕەتدەکاتەوە و داوای گفتوگۆ و جارەسەری گرفتەکان بە ئاشتی دەکات.

جەختیشدەکاتەوە، ئەمڕۆ زیاتر له هەموو کات سووریا پێویستی به دەستوور و حکومەتێک هەیه که مافەکانی هەموو هاووڵاتییەکانی زامن بکات و نوێنەرایەتی بکات و چارەسەڕێکی دیموکراسی هەمەلایەنه که بەشداری هەموو لایەک لەپرۆسەی سیاسیدا مسۆگەر بکات.

ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بانگەوازی خۆی بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دووپاتدەکاتەوە کە توندوتیژی ڕابگرن و پەنا بۆ دیالۆگ ببەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و یەکخستنی سووریاییەکان و لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ خواستەکان بگونجێت بۆ ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە