شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، ئەو خۆڵبارینەی ناوچەكانی عێراقی گرتۆتەوە بەلاوازی كاریگەری بۆ هەرێم دەبێت و دەشڵێت: تاوەبارانی بەخوڕ و تەرزە و هەورەبروسكە هەرێم دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەی پێنج شەمە 1/5/2025 لەئەنجامی دووبارە چالاکبوونەوەی نزمە پاڵەپەستۆی گەرمی خەماسینی و دەریای سوور لە کاتەکانی نیوەڕۆوە ناجێگیری کەش و ھەوا سەرەتا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراقەوە دەستپێدەکاتەوە و لەناوچەکانی پارێزگای ئەنبار ئەگەری چالاکبوونی ھەورە بروسکەی بەھێز و تەرزە و بارانی بەخوڕ ئەبێت لەگەڵ دروستبوونی گەردەلول و دیواری خۆڵی چڕ، کە دواتر لەرێگای باوە خۆڵبارینەکە فراوان ئەبێت بەرەو ناوچەکانی دیکەی عێراق و پاشان لەشەودا بەڕێژەیەکی کەمتر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیش ئەگرێتەوە.
ڕاشیگەیاند، لەگەڵیدا لە کات و شوێنی جیاوازدا ھەورە بروسکە چالاک ئەبێت لەگەڵ نمە باران و لەناوچە شاخاویەکان ئەگەری تاوە باران و تەرزەی مامناوەند ئەبێت، کە بۆ کاتە جیاوازەکانی ڕۆژی ھەینی 2/5/2025 حاڵەتەکە چالاکتر ئەبێت بەتایبەت لەناوچە شاخاویەکان ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە ئەبێت .
ئاماژەی بەوەشكرد، لەدواین گۆرانکاریەکاندا ماوەی ئەم حاڵەتە درێژبووەتەوە و تا ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو 6/5/2025 بەردەوامی ئەبێت، بەلام دەنگۆی نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما دوورن لەراستیەوە و بەدرێژایی ئەو ماوەیە ناوچەکە لەژێر کاریگەری بارستە ھەوای گەرمدایە.
