ستران عەبدوڵڵا
لە عیراق کێشە هەر مەسەلەی کورد وناونیشانی سیستمی سیاسیی عیراق نییە کە چەقی بەستبوو ، یا خود بە زەحمەت لە شوێنی خۆی دەجوڵا. بەڵکو جیهازی بیروکراتی و رۆتینی ئیدارییش وا ژەنگی هەڵێنابوو کە سنووری پارێزگاکانیش وەک سنووری دەوڵەت بە پیرۆز و دەستکاری نەکراوە لە قەڵەم دەدرا، بە جۆرێک ئیدارەی موسڵ یان دیالە و کەرکوکیش مەیلی خاوەندارێتیی پارێزگایان لا پەیدابوو.
رەنگە سپاردنەوەی خانەقین یان مەخموور بە کوردستان و کردنی بە بەشێک لە حکومەتی هەرێم زۆر گرفت نەبێ بۆ حکومەتی فیدراڵ، بەڵام بێگومان بۆ ئیدارەی دیالە و ئیدارەی موسڵ جۆرێک بوو لە کوردەناموسە و پرسی کەرامەتی ئیداریی نێوان پارێزگاکان، ئەگینا باوەڕ ناکەم قەرەهەنجیر لای سلێمانی یان کەرکوک بێت هیچ گرفت بێت بۆ جوڵەی سیاسیی بەغدا، بەڵام ئیتر وەک ڕاهاتنێکی ئیداریی لە سایەی جیهازی بیروکراتیدا بەربەست و پێناخۆشیەک هەیە و دیارە.
لە عێراق دەستووری نووسراوی وڵات هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان و نەخشەرێگا بۆ پێکهاتن و داڕشتنەوەی هەیکەلی دەوڵەت و وڵات، بەڵام (دەستور) بەمانای نەریت ودابودەستوری کۆمەڵگا هێشتا زیاتر ئەو حاکمە و رێنوێن.
لەبەر ئەوەیە چەند ساڵە پارێزگای تر دروست نابێ چ جای هەرێمی تر ببێتە دەستەخوشکی هەرێمی کوردستان،
لە کاتێکدا لە نیوەی دووەمی هەفتاکان و لەسەردەمی حوکمڕانی بەعـس و ئەحمەد حەسەن بەکردا نەخشە و سنووری ئیداری چەند پارێزگایەک گۆڕان و دەستکاری کران.
بێگومان ئەم دەستکاریانەش بە غەرەزی سیاسیی وەک تەعریب یان لەبەر هۆکاری مەزهەبی و هۆکاری شارچێتی و تکریتچێتی کران، نەک بە هۆکاری زانستی، یان بە پێوەرەکانی گەشەی ئیداری و پێدراوی دانیشتوان و گەشەپێدانی ئابووری.
دوای کەوتنی رژێمی بەعـ.،س ئەم هەستیارییە ئیدارییە هەر ماو و هەر بەربەست بوو لە دەستکاری ئیداری و پێکهێنانی پارێزگای نوێ، بەداخەوە عەقلیەتی سەنتڕاڵی و رۆتینی ڕاهاتن و سستی گەشەی فیکری ئیداری بە قەدەر بیری شۆڤێنی و مەزهەبی رێگربوون .
ئێستا کە پارێزگای هەڵەبجە دروستکراو ئەمر وئیمزای بۆ دەرچوو دەشێ ئەم بڕیارە وێستگەیەکی تازە بێت لە رێی تێپەڕاندنی هەنجەتە پڕ و پوچ و سواوەکانی وەک خۆی هێشتنەوەی سنووری پارێزگاکانی وڵات کە قەت لەگەڵ دەستوری نوێ باو و پێدراوە دیموگرافییەکانی ژمارەی دانیشتوان و گەشەی ئیداری و ئابووری یەک ناگرێتەوە.
وڵاتی تازەی عیراق ئیتر دەبێ خۆی راپسکێنێ و لە نێوان پرۆسەیەکی چالاکی سیاسیی و دیمەنێکی خاووخلیچی ئیداریدا باشەکەیان هەڵبژێرێ و نەخشەی ئیداری خۆی دەستکاری بکات.
با پارێزگای هەڵەبجە گۆڕانێکی چۆنایەتی بێت لە رێگای دوور و درێژەی سیستمی ئیداری، وەک چۆن وێستگەیەکی چۆنایەتی بوو لە ناساندنی مەزڵومیەتی کوردستان و عیراق لە سایەی حوکمی دیکتاتۆری حکومەتی مەرکەزی بەعسدا.
بێگومان هەڵەبجە شایانێتی کە ناونیشان بێت بۆ وەرچەرخانی بەردەوام.