سەرۆکی حکومەتی لیبیا بڕیاری دا وەزیری تەندروستی لەکار دووربخاتەوە، ئەویش بە هۆی ئەوەی بە بێ ڕەزامەندی دەستەی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە، دەرمانی نەخۆشییەکەی لە عێراقەوە هاوردە کردووە.
عبدولحەمید دبیبە، سەرۆکی حکومەتی یەکڕیزیی نیشتمانیی لیبیا بڕیاری دا ڕەمەزان ئەبو جەناح، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری تەندروستی لەکارەکەی دوور بخاتەوە.
وەزیرە لیبییەکە تۆمەتبارکراوە بەوەی بەبێ ڕەزامەندی دەستەی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە، دەرمانێکی مشتومڕاوی نەخۆشییەکەی لە عێراقەوە هاوردە کردووە.
وەزارەتی تەندروستی لیبیاش ڕایگەیاند، دەرمانە هاوردەکراوەکە لە لیستی نێودەوڵەتیی دەرمانە باوەڕپێکراوەکانی نەخۆشی شێرپەنجەدا نییە و دەستەی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەش لە لیبیا ڕەزامەندی لەسەر هاوردەکردنی نەداوە.
ئەم قەیرانەش دوای ئەوە سەریهەڵدا کە عێراق ڕایگەیاند، یەکەم وەجبەی دەرمانی شێرپەنجەی بۆ لیبیا هەناردەکردووە کە لە ناوخۆی عێراق بەرهەمهێنراوە، دواتریش دەستەی بەرەنگاربوونەوەی شیرپەنجەی لیبیا هەواڵەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەوان تەنیا دەرمانی کۆمپانیا ئەمریکی و ئەوروپییە دانپێدانراوەکان هاوردە دەکەن.
بەڵام دوێنێ وەزارەتی تەندروستی لیبیا دانی نا بەوەی دەرمانەکەی لە عێراقەوە هاوردە کردووە.

