بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا ئاشكرای دەكات، یەكەمین دەرمانی چارەسەری نەخۆشی شەكرەی جۆری دوویان دروست كردووە و دەشڵێت: هەنگاوێکی گەورەی پیشەسازییە و بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوە.
محەمەد عەبدولقادر نەعیمی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، كۆمپانیاكەیان سەركەوتوو بووە، كە بۆ یەكەمین جار دەرمانی چارەسەری شەکرەی دروستكردووە بە هاوكاری كۆمپانیای (ارچ الریم)ی وەبەرهێنان.
دەشڵێت: دەرمانەکە بۆ چارەسەرکردنی شەکرەی جۆری دوو بەکاردێت و هەنگاوێکی گەورەی پیشەسازییە و بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوە لە بوارەکەدا.
ئاماژەی بەوەکردووە، دەرمانەکە ناوی (گلیمی ئێم)ــە و سەرجەم پێوەرە تەندروستییە جیهانییەکانی تێدا بەرجەستەکراوە و کاریگەریی دەرمانەکە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی شەکر لە خوێندا سەلمێنراوە.
ئاشكراشی كردووە، کۆمپانیاکە دەستیکردووە بە پرۆسەی تۆمارکردنی ناو دەرمانەکە بە هاوکاریی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تا بە زووترین کات بخرێتە بەردەست چارەخوازان، هەروەها ئێستا 250 هەزار حەب-یان لێ بەرهەمهێناوە.
جەختیشی كردۆتەوە، ئامانجی کۆمپانیاکە ئەوەیە باشترین جۆری دەرمانەکان، کە پێویستن درووست بکات و بە نرخێکی گونجاو پێشکەشی چارەخوازانی بکات، کە لەگەڵ دۆخی ئابوورییاندا بگونجێت.
