هاوردەکردنی پیاز و شووتی قەدەغە کرا

قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازدا کە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامدران، بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی شووتی و پیاز درا، هاوکات بڕیار درا هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو قەدەغە نەکرێت، بەڵام ڕێگەپێدراو نیە ببرێتە دەرەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی قایمقامیەتی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی بەجیا لەگەڵ لیژنەی دیاریکردنی بەروبوومی ئاژەڵی و پەلەوەری و لیژنەی هاوسەنگی سەوزەو میوە کۆبووەوە.

ئەوەش هاتووە: تایبەت بە پرۆژە کشتوکاڵی و پەلەوەرییەکان بڕیار درا لیژنە هاوبەشەکان ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆئەوەی ئەندازیاری کشتوکاڵی ڕاستەوخۆ لەسەر پرۆژە بێت و سەرپەرشتی پرۆژە کشتوکاڵی و پەلەوەرییەکان بکات و هاوردەکردنی پیاز و شووتی قەدەغە کرا.

هاوکات بڕیاردرا هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو کراوەبێت و رێگە نادرێت ببرێتە دەرەوەی هەرێم. تا ناوەڕاستی مانگی شەش قەدەغەی ڕاوەماسی بەردەوام بێت.

لەبارەی هێلکەوە قایمقامی سلێمانی بڕیاریدا بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆوە قەدەغەی هاوردەکردنی بەردەوام بێت، هەرکاتێک نرخی هێلکە لە بازاڕدا بەرزبێتەوە بەناچاری دەرگای هاوردەکردنی بکرێتەوە.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا باس لەوە کرا کە کاری پێویست کراوە بۆ ڕێگری لە تای خوێنبەربوون بەتایبەت دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی کرا کە 26 تیمی پێکهێناوە و سەردانی گوندەکان دەکات بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی و شتنەوەی ئاژەڵ، لیژنەکانی قایمقامیەتیش ڕاسپێردران چاودێری گۆشتفرۆشەکان زیاتر بکەن.

لەبارەی سەوزەو میوەوە بڕیاردرا لە ماوەیەکی کەمدا زیادەڕەوییەکانی ناو عەلوەی سلێمانی بەتەواوی لاببرێن و رێگە نەدەن هیچ میوە یان سەوزەیەکی ناتەندروست ببرێتە بازاڕەوە.

هاوکات باس لەوە کرا کە لەپێناو گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ بڕیاردراوە لە 1ی ئایار هاوردەکردنی پیازو 15ی ئایار هاوردەکردنی شوتی قەدەغە بکرێت.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە