spot_imgspot_img

وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێکی نوێی دەربارەی تاکسی دەرکرد

وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان رێنمایی نوێی تۆمارکردنی تاکسی دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ڕەچاوی ژینگەدۆستی و کەمخەرجی کراوە.

ئەمشەو وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنمایی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٥ ی تۆمارکردنی تاکسی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لە هەنگاوێکی نوێدا وەزارەتی ناوخۆ بە ئامانجی نوێکردنەوەی تاکسی لە سەرتاسەری هەرێم و بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگە و باشترکردنی خزمەتگوزاری سەرنشینەکان و جێبەجێکردنی ستانداردی تەکنیکی نوێ، دەرگای تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دوای چەندین ساڵ وەستان، دەکاتەوە”.

بەپێی رێنماییە نوێیەکە، تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بە شێوەی یاسایی و فەرمی هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مافی تۆمارکردنییان وەکو تاکسی دەبێت، لەوانە: ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تەنها بە بەنزین کاردەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە بنەڕەتدا تەنها بە غازی شل (LPG) کاردەکەن، هەروەها ئۆتۆمبێلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو کارەبایی (EV) ، ئاسانکاری تۆمارکردنیان وەکو تاکسی بێ رسومات بۆ کراوە وەکو هاندان بۆ ئۆتۆمبێلی کەمخەرجی و دۆستی ژینگە.

بە گوێرەی ئەو ڕێنماییە هیچ ژمارەیەکی تاکسی لەسەر ئاستی کوردستان زیاد نابێت، بەڵکو ئەو تاکسیانەی هەن خاوەنەکانیان دەتوانێت سوود لە تابلۆکانیان وەربگرن بۆ تاکسی مۆدێل نوێ (کە ژمارە کاتی بن یان ئۆتۆمبیلی دوایین سێ مۆدێل تۆمارکراو بن) و تاکسییە کۆنەکانیش بکرێنەوە ئۆتۆمبیلی تایبەت و تابلۆی تایبەتیان بێ خەرجی دارایی پێ دەدرێت.

بە گوێرەی ڕێنماییە نوێیەکە، ڕەنگی تاکسی نوێ هەمان ڕەنگی تاکسی کوردستان بە کۆدی (4Q0) دەبێت و خاوەن تاکسی دەتوانێت لە کوردستان بەم کۆدە تاکسییەکی بۆیە بکات یان لە کۆمپانیایەوە بەم رەنگ و کۆدە بەردەست بێت بۆ کڕین. تاکسییە کۆنەکانیش بە گوێرەی خواستی خاوەنەکەی بۆیە دەکرێنەوە بە هەر ڕەنگێکی پەسندکراو جگە لە ڕەنگی تاکسی.

وەزارەتی ناوخۆ ڕاشیگەیاند، پێویستە ئۆتۆمبیلەکان تازە هاوردە کراوبن و پێوەرەکانی سەلامەتی، تەکنیکی، و ژینگەیی تێدابێت کە لە رێنمایی هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٢١ی هەموارکراودا دیاریکراون، تەنها ئۆتۆمبیلەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسندکراون بۆ گۆڕین بۆ تاکسی.

لە ڕێنماییە نوێیەکەدا، بۆ ئۆتۆمبیلی هایبرد و تەواوکارەبایی، ٧٤ جۆر و بۆ ئۆتۆمبیلی بەنزین، ٨٩ جۆر وەکو پاشکۆ دیارکراون کە ڕێگاپێدراون بگۆڕدرێن بۆ تاکسی.

دەقی ڕێنماییەکە لەسەر ئەم لینکە بڵاو کراوەتەوە:

https://drive.google.com/…/1MqqhaEpOELiqB4D95Z…/view..

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە