هەرچەندە بەرپرسانی باڵای ئێرانی لە ئێستادا ئەگەری تێکدەرانە سەبارەت بە تەقینەوەکەی بەندەر عەباس ڕەت دەکەنەوە، بەڵام پەرلەمانتارێکی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە کۆمەڵێک ئاماژەی ڕوون هەیە کە ئیسرائیل دەستی لە تەقینەوەکەدا هەیە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی هەواڵی ڕۆکنا کە لە تاران پەخش دەکات، محەمەد سیراج، ئەندامی پەرلەمانی ئێران بانگەشەی ئەوەی کردووە تەقینەوەکەی بەندەر عەباس کارێکی تێکدەرانەیە.
سیراج بانگەشەی ئەوەی کرد کە تەقینەوەی بەندەرەکە لە چوار خاڵی جیاواز ڕوویداوە و، وتی: “ڕوودانی تەقینەوەکە لە چوار خاڵی جیاواز، بەواتای ئەوە دێت ماددەی تەقینەوە لە ناو کۆنتێنەرەکاندا هەبووە”.
ڕاشیگەیاند: “بەگشتیی ماددە کیمیاییەکان تەنیا لە یەک خاڵدا ئاگردەگرن و دەبنەهۆی کەوتنەوەی ئەم جۆرە تەقینەوانە. ڕەنگە ئەم کۆنتێینەرانە لە کاتی گواستنەوەدا تەقینەوەیان تێدا دانرابێت، تەنانەت ڕەنگە لەلایەن سیخوڕانی خۆجێییەوە تەقینەوەیان تێدا دانرابێت”.
سیراج ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەری ئەوە هەیە ئیسرائیل مانگە دەستکردەکانی بەکارهێنابێت بۆ تەقینەوەکان یان ئامێری تەوقیتکردن کە لە دوورەوە کاریان پێدەکرێت بەکارهێنابێت و وتی: “بە تەواوی حیسابی ئەوەیان کردبوو کە کۆنتێینەرەکان زۆرترین زیان لە بەندەرەکە دروست دەکەن. ئاماژەگەلێکی ڕوون هەیە کە ئیسرائیل دەستی لەم کارەدا هەیە”.
بە پێی ئامارەکان زیاتر لە 1250 کەس لە تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی لە بەندەر عەباس کوژران و برینداربوون و زیانێکی زۆری ماددیشی بە بەندەرەکە گەیاندووە.
