بەپێی نەخشەیەک کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق پەسەندی کردووە، سنوری پارێزگای هەڵەبجەی وەک (١٩)یەمین پارێزگای عێراق کە رۆژی ١٤ / ٤ /٢٠٢٥ پەرلەمانی عێراق یاساکەی پەسەندکرد دیاری کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ بڵاوکردنەوەی نەخشەکەدا ڕایگەیاند، بەپێی نەخشەکە سنووری پارێزگاکە ناحیەکانی سیروان و خورماڵ و بیارە و بەمۆ دەگرێتەوەو قەزای هەڵەبجەش ناوەندی پارێزگاکەیە.
سنووری دەرەوەی پارێزگاکە هەموو بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەیە و لەناوخۆش هاوسنوری پارێزگاکانی سلێمانی و دیالەیە.
کاروان یاروەیس ڕوونیشیکردەوە کە لەخشتەکەدا هێشتا خورماڵ وەک ناحیە ناوی هاتووە هەرچەندە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کراوە بە قەزا.
نەخشەکە لەلایەن وەزیری پلاندانانی عێراق محەمەد تەمیم و بەرێوەبەرایەتی و بەشە پەیوەندارەکانی وەزارەتەکەوە ئیمزا کراوە.






