کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان – ئەپیکور داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) راگەیەندراوێکی لەبارەی گفتوگۆکانی کۆمپانیاکانی نەوت، کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، لەگەڵ حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، “کۆمپانیاکانی بواری نەوت و ئەندامی کۆمەڵەی ئەپیکور بەشدارییان لە کۆبوونەوەی 20ـی نیسان لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیاوە کرد، بەڵام بەداخەوە لە کۆبوونەوەکەدا نەگەیشتینە ڕێککەوتن”.
لەبارەی مەرجەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەپیکور باسی لەوە کردووە، “کۆمپانیاکانی ئەندامی کۆمەڵەی ئەپیکور ئامادەن دەستبەجێ هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا دەستپێبکەنەوە، هەرکاتێک ڕێککەوتنێک بکرێت کە دڵنیایی لە پێدانی پارەی کۆمپانیاکان بدات، لەسەر بنەمای مەرجەکانی گرێبەستە بەرکارەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، هەروەها تەواوی ئەو بڕە قەرزەشی ماوە بە کۆمپانیاکان بدرێنەوە”.
ئەپیکور پێداگری لەسەر گرنگیی پابەندبوونی حکومەت دەکات بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق؛ لەگەڵ ئەوەشدا، تێبینیی ئەوە کراوە کە گرێبەستەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان، ڕەوایەتیی یاساییان لەلایەن دادگەکانی عێراقەوە پێدراوە، “هەربۆیە هەر ڕێککەوتنێک بۆ پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان، پێویستە ڕەچاوی شێوازی کاری ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتی بکات، بە شێوەیەک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ یاسای بودجەی عێراق و گرێبەستە واژۆکراوەکانی کۆمپانیاکان”.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئەپیکور چەندین پێشنیازی بە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان داوە، “پێشنیاز و ڕاسپاردەکان بریتی بوون لە پێشنیازی شێوازی کارکردنی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی، کە لەسەر بنەمای یاسای بودجەی عێراقی و گرێبەستی کۆمپانیاکانە، بەڵام تا ئێستا ئەو پێشنیازە پەسەند نەکراوە”.
سەبارەت بە پێشنیازی ئەپیکور بۆ دڵنیایی لە پێدانی پارەی هەناردەکردنی نەوت لە داهاتوودا، ئەو کۆمەڵەیە ڕایگەیاندووە، “هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ ڕەچاوکردنی بژاردەکان نیشانداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هیچ گفتوگۆیەکی بنەڕەتی لەبارەی ئەو دڵنیاییانە لە پێدانی پارە نەکراوە و هیچ بەرەوپێشچوونێکیش لەوبارەیەوە نەبووە”.
لە درێژەی بەیاننامەکەی ئەپیکوردا ئەوەش هاتووە، “حکومەتی عێراق بەردەوام جەخت لە گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەکاتەوە، بەڵام هەوڵ و هاوئاهەنگییەکان بەو ئاراستەیە، سنووردار و بێ ئەنجام بوون. ئەپیکور داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش دەکات”.
مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی ئەپیکور لەوبارەوە ڕایگەیاندووە، “کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور، چەندینجار پێشنیازیان بۆ ئەو کێشەیە خستووەتەڕوو لەسەر بنەمای یاسایی بودجەی عێراق و هاوتەریب لەگەل گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی نەوت؛ بەڵام لەنەبوونی بەرەوپێشچوونی ئەو پرسە، نیگەران و بەداخین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بەردەوام دەبین”.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25-3-2023ـەوە راگیراوە.
گەورەترین بەربەست لەبەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا، پارەی کۆمپانیاکانە کە تا ئێستا لەسەری رێکنەکەوتوون.
