كاتێك منداڵەكەت دەستدرێژی یان گێچەڵی سێکسی دەكرێتە سەر دەبێت چی بكەی؟

 

د. دیلمان ئازاد خۆشناو، پسپۆری پزیشکی دادوەری و مامۆستای زانکۆ لە کۆلێژی هەولێری پزیشکی ڕوونكردنەوەیەك دەربارەی دەستدرێژی و گێچەڵی سێكسی بۆ سەر منداڵان و ئەو هەنگاوانەی پێویستە لەلایەن دایك و باوكەوە بگیرێتەبەر ڕوون دەكاتەوە.

د. دیلمان ئازاد خۆشناو دەڵێت: دیاردە و كێشەكانی نێو كۆمەڵگە زۆرن، بەڵام هەندێكیان ئەگەر زوو فریایان بكەوین ڕەنگە چارەسەر بكرێت و تا ڕاددەیەك بۆ داهاتووش وابكەین ئەو دیارەیە یا نەمێنێت یاخود زۆر كەم ببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەشێكی زۆر لە دایكان و باوكانی بەڕێز رۆژانە پەیوەندیمان پێوەدەكەن لە ڕێگەی پلاتفۆڕمە جیاوازەكانی سۆشیال میدیا و هەر یەكەو بە شێوازێكی جیاواز بە دوای چارەسەری كێشەكانی منداڵەكانیاندا دەگەڕێن.

دەشڵێت: بەپێی ئەو پرسیارانەی كە بۆ من هاتوون، گرنگترین و سەرەكیترین كێشە كە دایكان و باوكان بەهەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، بابەتی گێچەڵی سێكسییە كە منداڵەكانیان ڕووبەڕووی دەبنەوە. بۆ ئەوەی ئەو گێچەڵە سێكسییانە نەبن بە كێشەی گەورەتری كۆمەڵایەتی و دەردێكی كوشندە لە نێو كۆمەڵگە و خودی قوربانییەكانیش لە كەسانی قوربانییەوە ببن بە کەسانی ڕزگاربوو دەبێت بە گرنگییەوە چارەسەری كێشەكان بكەین و ڕێگە بەوە نەدەین لە ژێر ناوی جیاوازەوە پەردە پۆشی ئەو تاوانە بكەین و دواتر لە شوێنێكی دیكەوە كێشەكان سەر هەڵبدەنەوە كە لە ئاست چارەسەرییان دەستەوەستان بین بێگومان ماکی گێچەڵی سێکسی و دەست درێژی سێکسی زۆرە و کاریگەری لەسەر جیلی داهاتوو و لەسەر کۆمەڵگاش دەبیت نەک تەنها خودی کەسەکە خۆی.

١-دایكان و باوكانی بەڕێز، دەبێت ئەوە بزانین کاتێک کە منداڵەکەت باسی ئەوەت بۆ دەکات کە توشی گچەڵ بووە، یا خۆت ڕەفتارێکی نامۆ دەبینیت، دەبێت ئەوە لە یاد نەكەی لە هەموو هەنگاوەکان گرنگتر شێوازی مامەڵەی تۆیە لەگەڵ منداڵەكەت. بەكارهێنانی هیچ ڕێگەیەكی توند ناتگەیەنێت بە چارەسەر بەڵكو ڕەنگە كێشەكە گەورەتر بكات. بۆیە نابێت بەهیچ شێوەیەک توڕە بوون پیشان بدەی یا خۆت بشڵەژێنی و هاوار بكەی بەسەر منداڵەكەتدا. بەڵکو دەبێت زۆر بەهێمنی بیر لە چارەسەر بكەیتەوە.

٢-منداڵەکەت خۆی باسی كێشەكانی خۆی بكات واتا باسی ئەو گێچەڵە بکات کە پێی کراوە، ئەوا خۆی لە خۆیدا دەستکەوتیکی گەورەیە و مانای وایە منداڵەکەت باوەڕی پێتە. بۆ ئەمە بەر لە هەموو شتیک دەبێت ستایشی منداڵەكەت بكەی و پێی بڵێی شانازیت پێوە دەکەم کەهەموو شتێکم بۆ باسدەکەی. ئەو پەیامەشی پێی بڵێی كە تۆ لە پشتی ئەودای بۆ ئەوەی بەبێ هیچ ترسێك هەموو شتێكت بۆ باس بكات. بۆ دڵنیاییدان بە منداڵەكەت دەبێت ئەوەی پێبڵێی( كە ئەوەی ڕوویداوە هەڵەی تۆ نییە، بەڵکو تاوانبارێک هەیە دەبێت بەسزای خۆی بگات) ئەو ڕستەیە زۆر گرنگە دووبارەی بکەیەوە و بگاتە منداڵەکەت.

٣-دوای گوێگرتن لە منداڵەكەت سەرەکیترین هەنگاو کەزۆر گرنگە ئەوەیە سەردانی پزیشكی دەروونی بكەی و بەپێی ڕێنماییەكانی پزیشكی دەروونی مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكان تاکە ڕێکاری یارمەتیدەری منداڵەکەت کە لە ماکەکان ڕزگاری بکات پزیشکی دەروونیە. مەرج نییە بە منداڵەکەت بڵێی دەتبەمە لای پزیشک بۆ ئەو ڕووداوە بەڵکو بیانوویتر بدۆزەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆتدا بیبەی بۆ لای پزیشك و ئەگەر ڕێككەوتنی پێش وەختەشت هەبێت لەگەڵ پزیشكەكە بۆ ئەم مەبەستە ئەوا ڕەنگە خراپ نەبێت.

٤-جگە لەوەش ئەگەر شێوازی دەستدرێژییەكە كاریگەری جەستەیی هەبوو لەسەر منداڵەكەت دەبێت بە شێوەیەكی فەڕمی سەردانی پزیشكی دادی بكەیت بۆ ئەوەی بەڵگەكان دیكۆمێنت بكەی بۆ كاتی پێویست و هیچ لە بەڵگەکان بزر نەبن.یان بەزووترین کات سەردانی فریاکەوتنەکان بکە بۆ دروستکردنی ڕاپۆرتی پزیشکی و پزیشک دەبیت بزانیت کەمنداڵەکەت دەست درێژی کراوەتە سەر و پزیشکەکە دەتوانێت رینماییتان بکات و ڕەوانەی پزیشکی دادیتان بکات.

چەند رێنماییەكی پێویست بۆ بەرگرتن لە ڕووداوەكان فێری منداڵەکەت بکە کە چۆن خۆی دەپارێزێت.
دەبێت منداڵەكەت بزانێت كە شوێنی هەستیار چییەو گێچەڵ چییەو دەستدرێژی چییە؟

بەداخەوە لەبەر شەرم و عەیبە و باسنەکردن و نەبوونی پەروردەی ڕاست زۆر جار کچەکانمان توشی گێچەڵ دەبن زۆربەیان هەر نازانن ئەوە گێچەڵە وادەزانن گێچەڵ ستایش و مەدحکردنە واتا جیاوازی ناکەن لە نیوان ئەو دوو بابەتە. توێژینەوەکان دەرییان خستووە کاتێک منداڵەکەت فێر دەکەی سەبارەت بەو بابەتە ئەوا بەڕێژەی ٪٨٠ دەیپارێزی. زۆركات خەڵك وا تێگەیشتووە ئەم كارە دەبێـتە هاندان بۆ كاری لەو شێوەیە.

کۆتا قسەم ئەوەیە دایک و باوکی بەڕێز کاتێک منداڵەکەت تووشی بابەتێکی وا دەبێت بیر بکەوە تاوانبار بگەیەنییە دەستی یاسا و سزا بدرێت.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە