“کۆنفرانسى یەکڕیزيى هەڵوێستى کورد” ئەمڕۆ لە شاری قامیشلۆ بە بەشداری زیاتر لە 400 کەسایەتيی ڕۆژئاوا و باکوور و باشووری کوردستان و کەسایەتییەکانی چەند ناوچەیەکی سووریا بەڕێوەدەچێت.
کۆنفرانسەکە لەژێر ناونیشانی “یەکڕیزیى هەڵوێستى کورد لە ڕۆژئاواى کوردستان” لە هۆڵی قامیشلۆ لە پارکی ئازادی شارەکە بەڕێوەدەچێت و یەک ڕۆژ دەخایەنێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی لیژنەی ئامادەکار، نوێنەری سەرجەم حزبە کوردییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان، کەسایەتییە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان، هونەرمەندان، سەرۆک هۆزەکان لە ڕۆژئاوا، لەگەڵ کەسایەتییە کوردەکانی دیمەشق، حەڵەب، حەما، باب و عەزاز بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکەن.
هاوکات شاندێکی دەم پارتى لە باکووری کوردستانەوە، لەگەڵ نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکانی هەرێمى کوردستان ئامادەدەبن. لەوانە شاندى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان و نوێنەرى مەسعود بارزانى، هەروەها نامەی پشتیوانی لایەنەکانی دەرەوەی وڵاتیش دەخوێندرێتەوە.
بەگوێرەى لیژنەی ئامادەکار، زیاتر لە 60 دەزگای ڕاگەیاندن و نزیکەی 200 ڕۆژنامەوان بۆ ڕووماڵى کۆنفرانسەکە بانگێشتکراون.
