ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا “سانا” بڵاوی کردەوە، حکومەتی عێراق وەک دیاریی 220 هەزار تەن گەنمی بۆ سووریا ناردووە، گەنمەکە گەیشتووەتە پارێزگای دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز باسی لەوەکردووە، ناردنی ئەو بڕە گەنمە بۆ سووریا بە مەبەستی نیشاندانی نیازپاکییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە بۆ ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتەکەی، ئەمەش لەکاتێکدایە لەدوێنێوە شاندێکی عێراقی لە سووریایە.
حەسەن عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەوێڵەی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەمان ئاراستەی عێراق دەکەین بۆ ئەو دەستپێشخەرییە”.
ئەوەشی وتووە: دەستپێکردنی کەمپینێک بۆ گواستنەوەی 220 هەزار تەن گەنم وەک دیاریی بۆ گەلی سووریا، ئاماژەیەکی برایانە کە ڕەنگدانەوەی قووڵایی پەیوەندییە برایەتی و مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە”.
ڕۆژی هەینی، یاسین شەریف حەجیمی، ڕاوێژکاری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق ڕایگەیاند، عێراق 220 هەزار تەن گەنمی بۆ سووریا دابین کردووە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە عێراقییەوە بگوازرێتەوە.
ئەلحەجیمی ڕوونیشی کردەوە، پاڵپشتی وڵاتەکەی و دابینکردنی گەنم لەژێر ڕێنمایی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هاتووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق هەڵمەتێکی بۆ دابینکردنی گەنم لەژێر ناونیشانی “دیاریی گەلی عێراق بۆ براکانمان لە سووریا” دەست پێ کردووە.
ههینی، 25ـی نیسان، شاندێكی ئهمنیی عێراقی به سهرۆكایهتیی حهمید شاتری، سهرۆكی دهزگای ههواڵگریی عێراق، لهسهر داوای ئهحمهد شهرع، سهرۆكی نوێی كۆماری سووریا سهردانی ئهو وڵاتهی كرد.
