ڕۆژنامەیەک وردەکاری کەمکردنەوەی باجی سەرچین لەلایەن ئەمریکا ئاشکرا دەکات و دەڵێت”ئیدارەی ترەمپ هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان دەدات کە زیانی بە جیهان گەیاندووە”.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕۆژی چوارشەممە 23ـی نیسانی 2025 بە پشتبەستن بە کەسانی ئاشنای ئەو بابەتە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترەمپ بیر لە کەمکردنەوەی باجە بەرزەکان لەسەر هاوردەکردن لە چین دەکاتەوە، کە لە هەندێک دۆخدا باجەکان بۆ زیاتر لە نیوە بەرزبۆتەوە، ئەمەش زیانی گەیاندووە و بەم هەنگاوە ئەمریکا هەوڵ دەدات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی لەگەڵ پەکین کە زیانی بە بازرگانی و وەبەرهێنانی جیهانی گەیاندووە.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە و گفتوگۆکان هێشتا بێ ئەنجامن و چەند بژاردە لەسەر مێزەکە دانراوە.
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، پێدەچێت باج لەسەر چین دابەزێت بۆ نێوان 50% بۆ 65%.
ئیدارەی ترەمپ ئەو باجەی کە لە 2ـی نیساندا لەسەر چەند وڵاتێک ڕایگەیاندبوو بۆ ماوەی 90 ڕۆژ ڕاگرت، جگە لە چین کە ئەمریکا چەند جارێک باجەکانی لەسەر بەرزکردەوە و گەیشتە 145%.
هاوکات چین وەڵامی دایەوە و باجی تۆڵەسەندنەوەی بەڕیژەی 125% بەرزکردەوە، ئەمە جگە لە ڕێوشوێنەکانی دیکە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، ترامپ ڕۆژی چوارشەممە وتویەتی” ڕێککەوتنێکی بازرگانی دادپەروەرانە لەگەڵ چین دەکەین”.
جێی ئاماژەیە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیانە ڕاستەوخۆ نرخی زێڕ لە بازارەکاندا دابەزی و ئۆنسەیەک زێر نزیکەی 200 دۆلار دابەزی.
