spot_imgspot_img

کەسوکاری ئەنفالکراوان لە نوگرە سەلمان یادی جینۆسایدکردنی کەسوکارەکانیان کردەوە

لە ٣٧هەمین ساڵیادی ئەنفالدا، سەدان کەس لە کەسوکاری قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی گرتووخانەی بەدناوی نوگرە سەلمان و گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان لە باشووری عێراق کرد.

کاروانی کەسوکاری ئەنفالکراوان کە پێکهاتبوو لە حەوت پاس و ژمارەیەکی ئۆتۆمبێلی تایبەت، لە چەمچەماڵ، کۆیە و کەلارەوە بەڕێکەوتن، سەرەتا لە بەغدادی پایتەختی عێراق سەردانی وەزارەتی شەهیدانیان کرد و نووسراوێکیان پێشکەش بە وەزارەتەکە کرد.

لەو نووسراوەیاندا کەسوکاری ئەنفالکراوان داوایان کرد ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی هەڵنەدراونەتەوە هەڵبدرێنەوە ئێسک و پروسکی قوربانیان دەربهێندرێن و کاری پێویستی وەک دیاری کردنی ناسنامە و ناسینەوەیان بۆ بکرێت و بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان و، پرۆسەی بەدناوی ئەنفال بە جینۆساید بناسرێت.

پاشان کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بەرەو ناحیەی سەلمان لە قەزای سەماوا لە پارێزگای موسەنا بەرێکەوتن بۆ سەردانی گرتووخانەی نوگرە سەلمان کە دەکەوێتە ناوەڕاستی بیابانێکی کاکی بە کاکی و نزیک سنووری عێراق و سعوودیە.

کەسوکاری قوربانیان کە زۆربەی ڕەش پۆش بوون بۆ کەسوکاریان و وێنەی قوربانیانیان بە دەستەوە بوو، بە بینینی گرتووخانەکە سەرلەنوێ برینیان کولایەوە و بۆ قوربانیان شینی و گریانیان کرد کە لەو پرۆسە بەنداوەی شاڵاوی ئەنفالدا گیانیان لەدەستداوە.

ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان کە لەو گرتووخانەیە بەند کراون، بە بینینی گرتووخانەکە یادەوەریە تاڵەکانی ئەو ڕۆژەیان بەبیرهاتەوە و، بۆ هاوڕێ و هاوسەفەرەکانیان گێڕایەوە.

لە گرتووخانەی نوگرە سەلمان سەدان کەسی بێ تاوانی مەدەنی لە نێویشیاندا منداڵی ساوا لە برسا و نەبوونی شیردا گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی گێڕانەوەکان ژمارەیەک لە منداڵانی ئەنفال لە کاتی ئەنفالکردنیاندا بووکەڵە و یاری دەستیان لەگەڵ خۆیان بردووە بەو هیوایەی ڕۆژێک بگەڕێنەوە بۆ ماڵ و بەردەوامبێت لە ژیان.

لەم پرۆسەی بەنداوی ئەنفالەدا هیچ جیاوازییەک لە نێون دانیشتوانی ناوچەکانی هەرێمدا نەکراوە، تێکڕا ئەوەی بەدەستیان کەوتووە و براون بۆ ئەو بیابانە چۆڵە و، بە قورسترین شێوەی ئەشکەنجە دراون و بەزیندووی ژێر خاک نراون.

لە کاتی سەردانی گرتووخانەی نوگرە سەلماندا کەسوکاری ئەنفالکراوان برینیان نوێ بووە و بە گریان و لاوانەوە یادی کەسوکاروان کردەوە و، ژمارەیەکیان لە دەوروبەری نوگرە سەلمان سەردانی ئەو گۆڕانەیان کرد کە ڕۆژانە قوربانیانیان تێدا بەخاک سپێدراوە و، بە دوای ئێسک و پروسکی قوربانیاندا گەڕان.

دواتر کاروانی کەسوکاری ئەنفالکراوان لە نێوان نوگرە سەلمان و قەزای سەماوادا سەردانی چەند گۆڕێکی بە کۆمەڵیان کرد، کە هەندێکیان هەڵدرابوونەوەی ئێسک و پروسکی قوربانیان گواستراونەتەوە بۆ مۆزەخانەی شەهیدان لە بەغداد و، هەندێکیشیان هەڵنەدراونەتەوە.

شاڵاوی ئەنفال، کۆمەڵکوژیی کوردانی باشووری کوردستان بوو لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوی عێراق لە ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨ بە هەشت قۆناغ ئەنجامدرا و، تیایدا ١٨٢ هەزار کەس بێسەروشوێن کران و یان زیندەبەچاڵ کران کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە