ئەرسەلان ڕەحمان
کاتێک یادی 127 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی دەکرێتەوە، تەنیا پیرۆزبایی بەس نیە، پێویستمان بە پێداچوونەوە، چاودێری، ئاوڕدانەوە لە ڕەوشی ڕۆژنامەنووسانی پیشەیی، دیموکراتیزەکردنی ئیدارەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کێشانی چوارچێوەیەکی پیشەیی بۆ کاری میدیایی و پابەندی بە ئیتیک و یاسا هەیە.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، ڕەوشێکی دروست و ژینگەیەکی ئارام نیە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی، بەڵکو ژینگەیەکی پڕ لە کێشمەکێش و پەلەقاژەی بەدەستهێنانی وەرگر و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، ئەگەرچی لەسەر حسابی شکۆی مرۆڤ، پێشێلی بنەما و پێوەرە پیشەییەکان و ئەلیف و بێی ئیتیکی ڕۆژنامەوانیش بێت.
کاتی ئەوە هاتووە، بیر لە دیاریکردنی چوارچێوەیەکی فراوان، کە ئازادی ڕادەربڕین مسۆگەر بکات و لە بنەمای ئیتیک لانەدات بۆ میدیا بکرێتەوە.
بە پێچەوانەی ئەو بانگەشە چاوبەستانەی هەندێک دەمڕاستی سیاسیی و شوێنکەوتووە میدیاییەکانیان دەیکەن، زۆری ژمارەی کەناڵەکان پێنوێنێک نیە بۆ پیشاندانی ئازادی کاری میدیا و ڕەخساندنی ژینگەیەکی دروستی میدیایی، بەڵکو ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی شێواندن و دروستکردنی ژاوەژاوێکی بێ پاساو، لە پێناو دروستکردنی وەهمێکی گەورە و کێشانی هالەیەکی میدیایی بە دەوری ئەم و ئەو و شکاندنی ئەوانی دیکە.
ژمارەیەکی بەرچاو لە کەناڵەکان تەنیا زمانی گوتارەکەیان کوردییە، ناواخنی پەیام و گوتاریان وابەستەی ئەجێندای گوماناوییە و لە ڕووی ئیداری و پێکهاتەی میدیاییەوە دەستی ئەمنی و سیاسیی ناوخۆیی و دەرەکی دزەی کردووەتە ناویان و بۆ مەرامی دیاریکراو بەکاردەهێنرێن.
جێی سەرنجە، میقداد مەدحەت بەدرخان 127 ساڵ بەر لە ئێستا بە ناوی کوردستانەوە دەستیپێکرد، گوتارە میدیاییەکەی خستبووە خزمەت پێشخستنی کۆمەڵگە و پەروەردەی تاک، کەچی ئێستا دوای 127 ساڵ هەندێک کەناڵ و دەزگا تەنیا ئامانجیان گەمژاندنی تاک و تێکشاندنی شکۆی، چەواشەکردن و بەلاڕێدا بردنی کۆمەڵگەیە.
ژمارەیەک لەوانەی ڕۆژانە زۆرترین پێشێلکاری ئەخلاقی و یاسایی لە بڵاوکردنەوەدا دەکەن، وابەستەی ئەجێندای گوماناوین، ڕۆڵیان هەیە لە بێ ئەرزشکردنی پیشەی ڕۆژنامەوانی، لە فووکردنە خۆ و قەبە پیشاندانی کوێخا پارەدەرەکانیان زیاتر هیچی دیکەیان نیە بۆ خزمەتی کۆمەڵگە، کەچی دەنگیان هەراشترە، وەک قسەکەر و ڕێنوێنیکار و نموونەی باڵای پابەندی دەردەکەون.
ڕۆژنامەنووسانی پیشەیی قوربانی سەرەکی دۆخێکن، کە چاوچنۆکە میدیاییەکان لە دەزگاکاندا خوڵقاندوویانە، دەنگ و ڕەنگە جوانەکانی ژینگەی میدیاییان خستووەتە ژێر بارێکەوە، کە هەموو شت بن، جگە لە خۆیان و پیشەییبوونەکەیان.
کاتی ئەوە هاتووە، ڕۆژنامەنووسان بەر لە هەر خەمێکی کۆمەڵگە ئەم یادە بکەنە وێستگەیەک بۆ بەخۆداچوونەوە، ڕوانین لە ڕەوشی خۆیان و ئەو گرێبەستانەی ئەوانیان کردووەتە کۆیلەی زڕە گوتارەکان، لە پێناو ڕزگاربوونیشدا پێویستە بیر لە دیموکراتیزەکردنی دەزگاکان و ڕێکخستنەوەی پەیکەریان لەسەر بنەمایەکی پیشەیی بکرێتەوە، نەک ئەو هێڵە خواروخێچانەی کاربەدەستانی سیاسیی و پارەدەرە هەڵتۆقیوەکان و بەڕێوبەرە وابەستەکان بە بەرژەوەندی کەسییەوە کێشاویانە.
کێبڕکێی نابەرپرسیارانە بۆ بەدەستهێنانی لایک و کۆمێنتی بەکارهێنەران و لەو ڕێگەیەشەوە قایم کردنی پێگەیان لای پارەدەرەکانیان، هەندێک کەناڵی هێناوەتە ئاستێک، کە کێبڕکێی زبڵدانێکی گەورە دەکەن و بە سەیرکردنیان وەرگر هەست بە هاڵاوی زبڵ و خاشاک و بۆنی ناخۆشی زاری گوتاریان دەکات.
ئەمە دۆخێکە زۆرێک ڕایان وایە پێویستی بە بژار و مشتوماڵکردنێکی جددی هەیە، بەڵام پێدەچێت هێشتا کاتی بوێت و ئەو جۆرە گۆڕانکاریانەش پێچەوانەی بەرژەوەندی دەستڕۆیشتووەکانی سیاسەت و ئابووری و میدیایە، بۆیە کاتی زیاتری دەوێت.
