وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەمساڵدا ١٤ حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و بۆ رێگریکرن لە زیاتر بڵاوبوونەوەشی رێکاریان گرتۆتەبەر و تەندروستی كەركوك-یش ئاشكرای دەكات، “دوو كەس گیانیان لەدەستداوە” بەڵام تەندروستی هەرێم دەڵێت: تا ئێستا هیچ حاڵەتیک تۆمار نەکراوە.
نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک بڵاوبووەتەوە، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان کارمەندی تەندروستییە و ئەوی دیکەش قەسابە.
فەلاح خەلیل یایچی، قائیمقامی قەزای ناوەندی کەرکووک ئەمڕۆ شەممە 19ی نیسانی 2025 ڕاگەیاند، ئەمڕۆ هەڵمەتێکی فراوان دەکەن بۆ رێگری و قەدەغەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، دەستبەسەرداگرتنی گۆشتی بێ مۆڵەت و بەخێوکردنی ئاژەڵان لە گەڕەکەکان.
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگەیەک دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی ببێت و لە زۆر باریشدا دەیکوژێت، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، “رێژەی مردن لەنێو تووشبووان 10% بۆ 40%ـە. ڤایرۆسەکە لەڕێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.”
زیاد عارف، نوێنەری ڤێتێرنەری کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ پشکنینی ئاژەڵداران و داوایشی لە هاووڵاتیان کرد، لەکاتی کڕینی گۆشتدا، بۆ ماوەی 48 کاتژمێر لە بەفرگەدا هەڵیبگرن و پاشان بەباشی بیکوڵێنن، هەروەها ژنانیش لەکاتی وردکردنی گۆشت، دەستکێش لەدەست بکەن.
ئاشكراشی كرد، ڤێتەرنەری کەرکوک لیژنەیەکی بۆ پشکنینی ئاژەڵداران پێکهێنا و تەندروستیش گیانلەدەستدانی دوو کەسی بەهۆی تای خوێنبەربوون پشتڕاست کردەوە.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، “لەمساڵدا 14 حاڵەتی تای خوێنبەربوون و دوو حاڵەتی مردن لە سەرانسەری عێراق تۆمار کراوە”.
وتیشی: 6 حاڵەت لە پارێزگای زیقار تۆمار کراوە، چوار حاڵەت لە کەرکووک، هەروەها لە بەغدا و موسەننا، نەینەوا و بەسرە لەهەریەکەیان یەک حاڵەت هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە پارێزگای کەرکووک دوو کەس بەهۆیەوە گیانیان سپاردووە، کە یەکێکیان کارمەندی وەزارەتی تەندروستی بووە”.
ئەوەشی خستە ڕوو، زۆربەی تووشبووەکان لەنێو ئاژەڵدارەکاندا تۆمار کراون و ئەگەر تووشبوونەکە زوو دەستنیشان بکرێت، چارەی بۆ دەکرێت.
جەختیشی کردەوە، “پێویستە گۆشت لە پلەی گەرمیی نزم هەڵبگیررێت، لە کاتی ئامادەکردنیدا بۆ خواردن، ماوەیەکی زۆر بکوڵێنرێت.”
