شاندى ئێران بۆ دانووستان لەگەڵ ئەمریکا گەیشتە ڕۆما

شاندى ئێران بەسەرۆکایەتیى عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوە بۆ دانوستان لەگەڵ شاندى ئەمریکا گەیشتە رۆما، دانوستانەکەش بەناڕاستەوخۆ دەبێت و وەزیرى دەرەوەى عومان پەیامەکان ئاڵوگۆڕ دەکات.

میدیایى فەرمیى ئێران بڵاویکردەوە، بەیانى ئەمڕۆ شەممە، عەباس عێراقچى و شاندى یاوەرى گەیشتونەتە رۆما. ئیسماعیل بەقایى، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ڕۆژنامەنووسانى ڕاگەیاند، “دووەمین خولی دانووستان بە سەرۆکایەتیى عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکى ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت”.

بەقایی، ڕوونیکردەوە، ئەم خولەی دانووستانەکان هاوشێوەی خولی یەکەم ناڕاستەوخۆ دەبێت، لەڕێگەی بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانەوە پەیامەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن.

سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردنی ڕۆما وەک شوێنی دانوستانەکان، بەقایى وتی: “لەسەر بنەمای پێشنیازی وەزیری دەرەوەی عومان و ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا ڕۆما هەڵبژێردرا و ڕێکخستنە پەیوەندیدارەکانیش لەلایەن حکومەتی عومانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ئیتالیا ئەنجامدراون”.

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ئاماژەى بەوەشکردووە، بە سەرنجدان لە هەڵوێستە دژبەیەکەکانى چەند ڕۆژی ڕابردووى بەرپرسانى ئەمریکی، پێشبینی دەکەن لایەنی ئەمریکی سەرەتا ئەو “ناڕوونییە مەترسیدارە” ڕوون بکاتەوە کە سەبارەت بە”نیاز و جددیەتى” واشنتن سەریهەڵداوە. وتیشى “ئاشتی هەمیشەیی لە دیالۆگی ڕاستگۆیانەی نێوان نەتەوەکان لە دایک دەبێت، نەک لە سەپاندنی هێز”.

خولى یەکەمى دانوستانى ئێران و ئەمریکا شەممەى ڕابردوو لە عومان بەڕێوەچوو.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە