spot_imgspot_img

ئەردۆغان بۆ ئیسرائیل: ئەو ئاگرەی لە ناوچەکەدا خۆشی دەکەن، خۆشتان دەسووتێنێت

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ئیسرائیل ئارامیی و ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستى ناوێت و پێویستە هەرچی زووە ئەو شەڕانگێزیە کۆتایی بێت. ئەگەرنا ئەو ئاگرە لەماوەیەکی کورتدا ئەوانەش دەسوتێنێت کە خۆشی دەکەن.

ئەمڕۆ هەینی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: “بەرگریی کردن لە دۆزی فەڵەستین، تەنیا بەرگریی کردن نییە لە گەلێکی ستەمدیدە، بەڵکو بەرگریی کردنە لە ئاشتیی و دادپەروەریی مرۆڤایەتیی. دۆزی فەڵەستین، دۆزی گەلێکی شکۆمەندە کە نزیکەی سەدەیەکە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ستەم، بەربەریی و کۆمەڵکوژییەک بووەتەوە”.

باسی لەوە کرد کە حکومەتی ئیسرائیل لە شێتییەکی تەواودا بەبێ گوێدانە ژن و منداڵ و منداڵی ساوا و کەسانی بەتەمەن دەکوژێت و، ڕایگەیاند: “نزیکەی ٦٠ هەزار فەڵەستینی کە ئیسرائیل دڕندانە کوشتوونی زۆرینەیان ژن و منداڵن. زیاتر لە سەدا حەوتی دانیشتوانی یان کوشتوونی یانیش کەمئەندامی کردوون. ٢١٢ ڕۆژنامەنووس کە کاریان دەکرد بۆ گواستنەوەی ڕاستییەکانی گۆڕەپانەکە بە جیهان، کوژران”.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل دەست لە هیچ ناپارێزێت و، ڕایگەیاند: “قوتابخانە، کڵێسا، مزگەوت و زانکۆکان بۆردومان کران. نزیکەی سەدا ٨٠ی بیناکانی غەززە ڕووخێندران. غەززە بە شێوەیەک وێران کراوە کە بەردی بەسەر بەردیەوە نەماوە. باس لە کاولکارییەکی گەورە دەکەین کە زیاترە لە ٥٠ ملیۆن تۆن داروپەردووی ڕووخاو”.

باسی لەوە کرد خەڵکی غەززە دەکوژرێن، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی تەماشا دەکەن. منداڵان دەکوژرێن، بەرگرییکارانی مافەکانی مرۆڤ تەماشا دەکەن، ڕاشیگەیاند: “ئەوانەی ساڵانێکە باسی ئازادیی، ماف، یاسا و ئازادی ڕاگەیاندن دەکەن، ١٨ مانگی تەواوە لە بەرامبەر سیاسەتی کۆمەڵکوژیی ئیسرائیلدا بێ دەنگن”.

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەخنەی لە سیستمی جیهانیی گرت و، ڕایگەیاند: “سیستمێکی جیهانیی کە پشتیوانی لە ستەمدیدەکان ناکات، بووەتە یاری دەستی ستەمکاران”.

وتیشی: “بە نیگەرانیی و دڵتەنگییەوە دەیڵێم کە بەداخەوە جیهانی ئیسلامییش نەیتوانیوە ئەوەی لێی چاوەڕوان دەکرا بەدیبهێنێت”. هاوکات  ڕەخنەی لە ڕۆژئاوا گرت و، ڕایگەیاند: “دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی کە لە بچووکترین ڕووداودا چەکی گەمارۆ دەردەکەن، دەپرسم لە بەرامبەر ئیسرائیلدا لە کوێن؟”.

ڕاشیگەیاند: “٢١٢ ڕۆژنامەنووس کە کاریان دەکرد بۆ گواستنەوەی ڕاستییەکانی گۆڕەپانەکە بە جیهان، کوژران. ڕۆژی پێشتر ژنێکی ڕۆژنامەنووس لەگەڵ خانەوادە ١٠ کەسییەکەیدا شەهید کران”.

ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە یاسای نێودەوڵەتیی بۆتە ئامڕازێک بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی بەهێزەکان، نەک بنیاتنانی دادپەروەریی، و وتی: “دەبینین ئەوانەی بێ هەڵوێستن بەرامبەر کوژرانی فەڵەستینییەکان، بەرگریی خەڵکی غەززە بە تیرۆر ناودەنێن، بەمەش هەوڵ دەدەن جینۆساید بە شتێکی ئاسایی نیشان بدەن”.

ئەردۆغان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بە ڕاگرتنی هاوکارییەکان، حکومەتی ئیسرائیل هەوڵ دەدات ئەو بێ تاوانانەی نەیتوانی بە بۆمب بیانکوژێت، بە برسێتیی و تینوێتیی و بێ دەرمانیی لەناویان بەرێت.

سەبارەت بە هێرشەکانی سەر سووریا و لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەردۆغان ڕایگەیاند: “هێرشەکانی سەر سووریا و لوبنان دەریدەخەن کە حکومەتەکەی ناتانیاهو ئارامیی و ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستى ناوێت”.

ڕاشیگەیاند: “پێویستە هەرچی زووە ئەو شەڕانگێزیە کە وڵاتانی ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسیی و نیگەرانی دەکاتەوە کۆتاییبێت. ئەگەرنا ئەو ئاگرە لەماوەیەکی کورتدا ئەوانەش دەسوتێنێت کە خۆشی دەکەن”.

ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: “هەر پێشنیارێک فەڵەستینییەکان لەو خاکەی هەزاران ساڵە لەسەری دەژین دووربخاتەوە، لای ئێمە هیچ بەهایەکی نییە”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە