کتێبەکە پزیشکییە و باس لە زانستەکانی تیشک دەکات، لەلایەن چەند پڕۆفیسۆرێکی ئەمریکییەوە نوسراوە و لە وڵاتی ھۆڵەندا چاپکراوە، تەواوی کتێبەکە هەزار و 300 لاپەڕەیە و لە ھەشت بەرگ پێکهاتووە، ھەر بەرگێک نرخی 350 دۆلارە و کۆی گشتی بۆ ھەشت بەرگەکە دوو ھەزار و 800 دۆلارە.
خولی 17 ھەمینی پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ کتێب بەردەوامە و ڕۆژانە بە ھەزاران کەس سەردانی پێشانگاکە دەکەن و بەدوای ئەو کتێبانەدا دەگەڕێن کە دڵخوازن یان پێویستیان پێیەتی.
بەشێک لە کتێبەکان بوونەتە پێویست و لە قۆناغەکانی خوێندنەوە یان توێژينەوە زانستییەکان سوودیان لێ وەردەگیرێت و بەشێک لەوانەش نرخەکەیان زۆر زیاترە بەراورد بە داھاتی ئەو کەسانەی بەدوادیدا دەگەڕێن.
لە سەکۆیەکی زانستی پزیشکی کە لە نێو کتێبخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر کتێبە زانستی و ئەکادیمییەکانی لەسەر دانراوە، کتێبێکی ھەشت بەرگی بووەتە جێی سەرنجی دڵخوازان و تا ئێستا ئەوانەی سەردانیان کردوون، توانای کڕینی کتێبەکەیان نەبووە بەھۆی بەرزی نرخەکەیەوە.
کتێبەکە پزیشکییە و باس لە زانستەکانی تیشک دەکات، لەلایەن چەند پڕۆفیسۆرێکی ئەمریکییەوە نوسراوە و لە وڵاتی ھۆڵەندا چاپکراوە، تەواوی کتێبەکە ھەشت بەرگە و ھەر بەرگێک نرخی 350 دۆلاری ئەمریکاییە و کۆی گشتی بۆ ھەشت بەرگەکە دوو ھەزار و 800 دۆلارە.
لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پێشانگاکە و تایمەتمەندی کتێبەکەوە، خاوەنی سەکۆی کتێبە زانستییەکان، زیرەک سەلام بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتی: “ئەمساڵ قەرەباڵغییەکی زۆر ھەیە بەراورد بە پێشانگاکانی دیکە، سەردانیکارێکی زۆر سەردانیکردووین، سەکۆکەی ئێمە زیاتر کتێبە زانستییەکانە لە بوارە جیاوازەکاندا، بۆیە ئەوانەی سەردانمان دەکەن ئەوانەن کە زیاتر حەز بە زانست دەکەن”.
لەبارەی بەرزترین نرخی کتێب لە پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر، زیرەک سەلام بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتی: “گرانترین کتێب لەلای ئێمەیە، کتێبێکە ھەشت بەرگە و ھەر بەرگی بە 350 دۆلارە و چاپی وڵاتانی ھۆڵەندایە و باس لە زانستەکانی تیشک دەکات و ئەمەش گرانترین کتێبی پێشانگاکە کە کۆی گشتی دەکاتە دوو ھەزار و 800 دۆلار”.
زیرەک سەلام وتیشی: “خەڵک زۆر سەردانمان دەکەن، ڕەنگە پێویستیشیان پێی ھەبێت بەڵام بەھۆی گرانی نرخەکەیەوە نەیانکڕیووە تا ئێستا ھیچ دانەیەکمان لێ نەفرۆشتوون، ھەروەھا ئەوانەی سەردانمان دەکەن زیاتر پسپۆڕان و مامۆستایانی زانکۆن”.
ھەر لە ناو پێشانگاکەدا جیاواز لە سەکۆکانی دیکە، سەکۆی تەندروستی دانراوە کە ڕێکخراوێکی خێرخوازییە و چەندین پشکنین بەخۆڕایی بۆ ئەو کەسانە دەکات کە سەردانیان دەکەن.
یەکێک لە خۆبەخشەکانی سەکۆی تەندروستیی نێو پێشانگاکە ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرترین خەڵک بۆ پشکنینەکانی فشاری خوێن و شەکرە سەردانیان کردوون.
زیرەک هیدایەت سمایل، لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتی: “ئێمە بەهۆی ئەوەی ڕێکخراوێکی تەندروستی خێرخوازین، بۆیە ئەمساڵ بەشداری پێشانگاکەمان کردووە و بە خۆڕایی پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکەین کە سەردانمان دەکەن”.
زیرەک هیدایەت وتیشی: “پشکنینەکان بریتین لە فشاری خوێن، شەکرە، کێش و باڵا، دەم و ددان، هەروەها بەشی ڕاوێژکاریشمان هەیە کە پزیشک وپسپۆڕان وەڵامی هەموو پرسیارانە دەدەنەوە کە هاووڵاتییان هەیانە”.
لەبارەی ژمارەی سەردانیکاران و ئەو پشکنینانەی کە بۆیان ئەنجامدراوە، زیرەک هیدایەت وتی: “لە ماوەی کردەوەی پێشانگا تا ئێستا نزیکەی هەشت هەزار کە سەردانی کردووین و پشکنینە جیاوازەکانمان بۆ ئەنجامداون کە زۆرترینیان پشکنینی فشاری خوێن و پاشان شەکرە بووە”.
لەبارەی ئەو کەسانەی سەردانی سەکۆکەیان کردووە، زیرەک هیدایەت وتی: “لە هەردوو ڕەگەز سەردانمان دەکەن، ئێمەش بۆ ئاسانکاری خۆمان و ئاسوودەیی سەردانیکاران، شوێنەکەمان جیاکردووەتەوە، چونکە نەخۆش تایبەتمەندی خۆی هەیە و دەبێت لە کاتی ڕاوێژ وەرگرتندا زانیارییەکان تەنیا بۆخۆی بێت، هەروەها هەندێک لە سەردانیکاران نەخۆش بوونە و پێویستیان بە پشکنین هەبووە، بەڵام هەندێکی دیکە هەر حەزی کردووە یەکێک لەو پشکنینانەی کە هەیە ئەنجامی بدات”.
17 هەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب ڕۆژی نۆی نیسانی 2025 کرایەوە و تێیدا زیاتر لە ملیۆنێک و 200 ھەزار ناونیشانی جیاجیای لێ نمایشکراوە و قەڕەباڵغییەکی زۆری خوێنەران لە پێشانگاکە دەبینرێت و تا 19ی نیسان بەردەوامە.



