حکومەتی هەرێم بە هانای ئەو سێ هاووڵاتییەوە چوو کە لە مالیزیا گیریانخواردبوو

بە هەوڵی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سێ هاووڵاتی هەرێمی کوردستان کە ببوونە قوربانی ئەو باندانەی بازرگانی بەمرۆڤ دەکەن لە مالیزیاوە گەڕێندرانەوە هەرێم.
ئەمشەو فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، سێ هاووڵاتی هەرێمی کوردستان کە ببوونە قوربانی ئەو باندانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن هانایان بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هێنا کە لەوێ فێڵیان لێکراوەو گیریان خواردووەو بێ پارەو پاسپۆرت و شوێن ماون و لەدۆخێکی زۆر سەختدان.
ڕوونیشیکردەوە کە ئەم سێ هاووڵاتییە لەلایەن باندێک هەڵخەڵەتێنرابوون گوایە لە ڕێگەی وڵاتی مالیزیاوە ڕەوانەی ئەوروپایان دەکەن. بەڵام دواتر دەرکەوتووە بەڵگەنامەکان ساختەن و لەفڕۆکەخانە گیریان خواردبوو.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕاشیگەیاند، هەر زوو بەدواداچوونیان بۆ کێشەی ئەم سێ هاووڵاتییە کردو لەڕێگەی دامەزراوە فەرمیەکانی ئەو وڵاتەو هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە مالیزیا توانی سۆراخیان بکات و پاسپۆرتی گەڕانەوەیان بۆ دەستەبەر بکات.
ئەوەشی خستەڕوو کە یەکێک لەو هاووڵاتییانە گەیشتەوە هەرێمی کوردستان و دووانەکەی دیکەش کارەکانیان تەواو بووەو لەدەرفەتێکی نزیکدا ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی وەزارەتی دەرەوەی فیدڕاڵ و باڵیۆزخانەی عێراق لە مالیزیاو ستافەکەی دەکات کە هاوکاریان بوون بۆ بەهاناچوونی ئەو سێ هاووڵاتیەی هەرێمی کوردستان.
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە