*حەمەی حەمەسەعید
بڕیاری دانپێدانان و بە ڕەسمی ناسینی پارێزگای هەڵەبجە، لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، دەستکەوتێکی گرنگی تەشریعی و سیاسیی و کارگێڕییە بۆ هەرێمی کوردستان بە گشتیی و هەڵەبجە بە تایبەتی.
وێڕای پشتیوانی و دەستبارگرتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پشتیوانی جەماوەری خەڵکی کوردستان لەو پرسە، پێویستمان بە پشتیوانی و دەنگی لایەن و فراکسیۆنە عەرەبییەکان لە سوننە و شیعە هەبوو، بۆ ئەوەی بڕیارەکە دەربچێت.
خاڵی هەرە گرنگ، یەکخستنی توانا و هەوڵەکانمانە بۆ چەسپاندنی بڕیارەکە و ڕێگری لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، بۆ ئەمەش پێویستمان بە بەیەکەوە کارکردن و پاراستنی تەبایی و یەکڕیزی ناوخۆیی و پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەمانە لەگەڵ پێکهاتەکانی عێراقدا.
ئەو پەیوەندی و تەباییە، بەوە دێتە دی، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، وەک کارتێکی سیاسیی بۆ دژایەتی هیچ کەس و لایەنێک بەکارنەهێنرێت و نەکرێتە کەرستەی موزایەدەی سیاسیی و شکاندنی بەرامبەرەکان.
ئێمە وەک خەڵکی هەڵەبجە، سوپاسی هەموو ئەو کەسایەتی و لایەن و پێکهاتە و دەنگە بەڕێزانە دەکەین، کە لە پڕۆسەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەدا، پشتیوان و هاوکار بوون. هەروەها دەبێت بە چاوی ڕێزیشەوە بڕوانینە ئەو ڕەخنە و سەرنجانەی لەسەر دەرچوونی بڕیارەکە هەبوون. ڕەخنە و دەنگ نەدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، هیچ کەس و لایەنێک ناخاتە خانەی دوژمنایەتی و دژایەتییەوە. ئەوانیش پاساوێکیان بۆ ڕەتکردنەوەکەیان هەبووە. گرنگ بۆ ئێمە پەسندکردنی بڕیارەکە و جێبەجێکردنی و سەرخستنی پڕۆسەکەیە، نەک دژایەتی و بەکارهێنانی پرسەکە بۆ مەرامی دیکە.
بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، پێویستە کۆکەرەوەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان بێت، نەک بکرێتە کەرستەی دووبەرەکی و دابڕانی زیاتر و دژایەتی یەکتر.
ئێمە دەزانین، ئەوانەی ڕەخنەیان لە بڕیارەکە هەبوو، یاخود نەیانویست دەنگی پێ بدەن، دەشێ پاساوەکانیان جێی بایەخ بووبێت، بەڵام ئەمە لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە، کە سەرەڕای هەموو ڕەخنە و پاساوێکیان، دەبێت دان بەوەدا بنرێت، هەڵەبجە ڕەمزی بەرەنگاری سیاسەتی دیکتاتۆری و قوربانی چەکی کیمیاوی و یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی پشتکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتیی بوو لە ڕژێمی سەدام، کە سەرەنجامەکەی ڕووخان و هەڵتەکاندن و نەمانی بوو.
هەر بۆیە هیچ عێراقییەک ئەمڕۆ لاری لەوە نیە، هەڵەبجە مافی ڕەوای خۆیەتی قەرەبووی مەعنەوی بکرێتەوە و لە پای ئەو هەموو قوربانییەی پێشکەشیکردووە، شانازی بە پارێزگابوونی پێ ببڕێت.
وەک خەڵکی هەڵەبجە، پێویستە لەمڕۆە، کاری جددی و هەنگاوی گەورە بنێین بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی لە پارێزگاکەماندا، کۆمەڵگەیەک، کە بە گیانی لێبووردن و تەبایی و ئاشتیی هەنگاوی گەورە بنێین و کار بکەین بۆ ئەوەی پارێزگاکە لە هەموو ڕوویەکەوە ببوژێتەوە. ئەمەش بەوە دەکرێت نوێنەران لە بەغداد ساڵانە داکۆکی لە دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ بنیاتنانەوەی پارێزگاکە و قەرەبووی خەڵکی سنوورەکە بکرێتەوە.
داواکاریشم لە مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی زانکۆی هەڵەبجە و کەرتی پەروەردە و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانی سنوورەکە، کاری زیاتر بکەن بۆ خزمەتکردنی شوناسی کۆمەڵایەتی و ئایینی و کولتووری هەڵەبجە و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی لە سنوورەکە.
دووبارە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە هەموو لایەکمان پیرۆز بێت.
*وەزیری ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێم
