spot_imgspot_img

ئێزدییەکان یادی سەری ساڵ دەکەنەوە و ئاهەنگ دەگێڕن

چوارشەممەی سوور، یاخود جەژنی سەری ساڵ، کۆنترین جەژنی ئێزدییەکانە و لەسەرتاسەری جیهاندا لەو رۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕن و 365 چرا دادەگیرسێنن.

سێیەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێک بە ڕۆژمێرى زایینى و یەکەم چوارشەممەى نیسان بە ڕۆژمێرى رۆژهەڵاتى، ئێزدییەکان دەیکەن بە جەژنی سەری ساڵی خۆیان و لەو رۆژەدا بە جلوبەرگی رەنگاوڕەنگ و پەیڕەوکردنی ڕێوڕەسمە ئاینییەکان و سەردانی پەرستگەی لالش دەکەن و ئاهەنگ دەگێڕن.

رێوڕەسمەکانی چوارشەممەی سوور، لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەوە دەستپێدەکات و بەشێک لە ئێزدییەکان سەردانی گۆڕی ئازیزانیان دەکەن و دەست دەکەن بە رازاندنەوەی ماڵەکانیان.

یەکەم چالاکیی چوارشەممەی سوور، لە پەرستگەی لالشەوە دەستپێدەکات، لەلایەن بابا شێخی ئیزدییەکانەوە سەرپەرشتیی دەکرێت و ئاگر لە پەرستگەکە دەکرێتەوە و دواتر 365 چرا دادەگیرسێنن، کە بە واتای ژمارەى رۆژەکانی ساڵ دێت و واتا و مەبەستی ئاگرکردنەوە لەو پەرستگەیە، دوورخستنەوەی ڕۆحە خراپەکان و ئاماژەی هاتنی خێر و خۆشییە.

لە چوارشەممەی سووردا هەموو خێزانێکی ئێزدی ژمارەیەک هێلکەی کوڵاو ئامادە دەکەن و و دواتر دەستدەکەن بە رەنگکردنیان.

هێلکە لای ئێزدییەکان بەواتاى ئافراندنى زەوی دێت، بۆچوونیان وایە، تاوسى مەلەک لە مانگى نیساندا زەویی ئاوەدانکردووەتەوە و ئەم جەژنەش گرێدراوە بە سروشت و نوێبوونەوەوە و رەنگکردنى هێلکەش بەواتای نەخشاندنی زەوی و پێشوازیکردن لە سەری ساڵی ئێزدییەکانە.

ئێزدییەکان لە مانگى نیساندا پرۆسەى هاوسەرگیریی ئەنجامنادەن، چونکە لاى ئەوان مانگى نیسان مانگى پشکوتنى گوڵ و رەنگاوڕەنگییە و بەواتاى بووک دێت لاى ئەوان.

ئێزدییەکان لە ساڵێکدا شەش جەژنیان هەیە، ئەوانیش جەژنا رۆژیێن ئیزى، چوارشەمما نیسان، خدر ئەلیاس، جەژنا چلەى هاوینێ و چلەى زستانێ، جەژنا قوربان.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە