spot_imgspot_img

ئەمڕۆ نۆیەمین دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ سلێمانى جارێکى دیکە لە نۆیەمین دیداری خۆیدا سەرکردە و بەرپرسانى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى کۆدەکاتەوە و وتەکانیان پێشکەش دەکەن.

رۆژانی 16 و 17ی نیسانی 2025 نۆیەمین “دیداری سلێمانی” لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەرێوەدەچێت و تیایدا گرینگترین ئاڵنگارییەکانی عێراق و ناوچەکە و جیهان تاوتوێدەکرێت و بابەتی سەرەکیی دیدارەکەی ئەمساڵیش “ئاشتیی ناوچەکەیە.”

دیداری سلێمانی، میوانداریی سەركردە و بیرمەند و بڕیاربەدەستانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا، ئەمریكا و هەموو جیهان دەكات، کە سەرۆكی وڵاتان، دیپلۆماتكاران، لێپرسراوانی باڵا، ئەكادیمی و شیكەرەوەی دامەزراوە سیاسی و هزرییە پێشەنگەكان بەشداریی تیادا دەكەن.

دیداری ئەمساڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە دیارەكاندا دەبەسترێت، لە نێویاندا؛ چاتم هاوس، پەیمانگای ئیتاڵی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی (IAI)، پەیمانگای عیسام فارس لە زانکۆی ئەمریکیی بەیروت، دامەزراوەی سەدە و گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی.

واچاوەڕوان دەکرێت، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەند وەزیرێکی حکومەتی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و چەند وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدیداری سلێمانیدا ئامادەبن.

بەگوێرەی بەرنامەی کاری دیدارەکە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، محەمەد حەسان، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و دکتۆر بەرهەم ساڵح، دامەزرێنەری زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی، ئامادەبن.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە